سەردێر

شەپۆلێكی تاوە باران و هەورەتریشقە هەرێم دەگرێتەوە و ڕەشەبا كۆتایی دێت

خەڵك-
بەهۆی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، باران لە چەند ناوچەیەك دەبارێت و هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت و پلەكانی گەرماش بە جێگیری دەمێننەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ شەممە ٧-٨-٢٠٢١ كۆتا كاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە بەردەوامی ئەبێت لەسەر ناوچەكانمان و لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە، باكوری گەرمیان كاریگەری لاواز ئەبێت و كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئاسمانی ئەم ناوچانە بەزۆری دەگۆرێتەوە بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری نمە باران و ڕوودانی بروسكە لەناوچەی جیاجیادا.

ڕاشیگەیاند، لەناوچە شاخاوییەكانی سنوری ڕاپەڕین و پارێزگای دھۆك و ھەولێر كاریگەری زیاتر ئەبێت لەكاتەكانی نیوەڕۆوە تا ئێوارە و ئەگەری چالاكبوونی چەند تاوێكی بەخوڕی بارانبارین و ھەورەتریشقە ئەبێت بە بڕ و ڕێژەی جیاواز لەناوچەی جیاجیادا لە ھەندێ ناوچەدا ئەگەری بارینی زیاتر لە ٥ بۆ ٧ ملیمەتر باران ئەبێت.

ئاشكراشی كرد، لەشەودا كۆتایی بەكاریگەری ئەم بارانبارینە دێت لەتەواوی ناوچەكاندا.

سەبارەت بە پلەكانی گەرما وتی، “زیاتر بەشێوەیەكی جێگیر ئەمێنێتەوە، لەسەنتەری پارێزگاكان لەنێوان ٤١ بۆ ٤٥ پلە ئەبێت لەناوچەكانی گەرمیان لەنێوان ٤٦ بۆ ٤٧ پلە ئەبێت و لەكاتی بارانبارین لەناوچە شاخاویەكاندا بەرێژەی ٤ بۆ ٦ پلە نزمبوونەوە لە پلەكانی گەرمادا ڕووئەدات” .

ئەو شارەزایەی كەشناسی ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری ئەو با بەھێزەی باكوری خۆرھەڵات، كە ماوەی ھەفتەیەك زیاترە بەردەوامی ھەیە لەناوچە شاخاویەكانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێمدا كاتەكانی بەرەبەیان كۆتایی پێدێت و كاریگەری نامێنێت.