سەردێر

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و سەرۆكی نوێی ئێران ئاشكراكرا

خەڵك-

شاندێكی هەرێمی كوردستان، كە لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەڕلەمان و چەند وەزیرێك پێكهاتوون لە تاران بەشداری لە سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی ئێران دەكەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پەڕلەمانی كوردستان، لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، د. ڕێواز فایق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان دوێنێ‌ پێنج شەممە ٢٠٢١/٨/٥، بەشداریی لە مەڕاسیمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران كرد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمڕۆ هەینی-یش ٢٠٢١/٨/٦، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “لە كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندیی مێژوویی و نزیكی كەلتووریی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرا و هەردوولا جەختیان لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و بازرگانی كردەوە و باسی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە كرا “.

شاندی هەرێم و سەرۆكی نوێی ئێران جەختیان لەسەر “پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچەكە كردەوە، وەك پێویستییەكی گرنگ و كاریگەر بۆ بەردەوامیی سەقامگیری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران”.

لە چوارچێوەی سەردانەكەیاندا، شاندی باڵای هەرێمی كوردستان، لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە و تەئكید لەسەر برەودان بە پەیوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و گرنگی پاراستنی ئاسایش و ئارامی كرایەوە.