سەردێر

حیزبەكان بانگەشەی هەڵبژاردن و هاووڵاتیانیش بانگەشەی بایكۆتیان دەستپێكرد

شرۆڤەكارێكی سیاسیی: هەڵبژاردن رووكەشێكە بۆ فەرمانڕەواكان تا نیشانی بدەن بە هەڵبژاردن چوونە دەسەڵات

خەڵك

لە چەند رۆژی رابردوودا حیزب و كاندیدەكان بانگەشەیان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەر دەستپێكرد، لە بەرامبەریشدا هاووڵاتیان لە سۆشیال مێدیا بانگەشەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان دەستپێكردووە.

بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بە تایبەت لە سنووری سلێمانی نەچوون بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان بەهۆكاری ئەوەی متمانەیان بە دەنگدان و كاندید و حیزبەكان نەماوە، ئەوان دەڵێن هەڵبژاردن هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێت جگە لە دەوڵەمەندبوونی هێندێك كەس لە كادێر و خزم و دۆست و كەسوكاری بەرپرسان.

بە گوتەی شارەزایان چاوەڕێدەكرێت ئەم هەڵبژاردنەی عێراق لە سەرانسەری وڵاتدا ساردوسڕترین هەڵبژاردن بێت لە ڕووی بەشداریی هاووڵاتیانەوە، هەرچەندە ئەمە خۆی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

شارەزایان لە ئەو بڕوایەدانین ئەم هەڵبژاردنە بتوانێت كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، بەجۆرێك سەركردە و رێبەری گەورەترین هێزی عێراقی وەك موقتەدا سەدر بێ هیوابووە لە هەڵبژاردن و بڕیاریداوە بەشداریی نەكات.

عادل عوسمان شرۆڤەكاری سیاسیی بە خەڵك-ی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەكان هیچ ئاڵوگۆڕێك لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا درووستناكات، تەنها ڕووكەشێكە بەسەر دەسەڵاتداراندا دەكرێت بە ئەوەی وا خۆیان نیشان بدەن كە دیموكراتخوازن و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە توانیویانە ببنە نوێنەری خەڵك و بگەن بە دەسەڵات‌و بە هەر جۆرێك بیانەوێت بەكاری بێنن، ئەمەش وادەكات كە لەژیانی كۆمەڵایەتیدا هیچ گۆڕانكارییەك درووست نەكات.

ئاماژەشی بەوەكرد كە خۆی لە خۆیدا (دەسەڵات) بەهانەیەكی گرنگە بۆ دزیكردن و قۆرخكردن و هێرشكردنە سەر هەبوون و خواستەكانی كۆمەڵگا، بۆیە خەڵك ناڕازییە لە دەنگدان و ناچێتە دەنگدان و بایكۆت دەكات، ئەم بایكۆتەش خۆی شێوەیەكە لە ڕێخستنی كۆمەڵگا لە ئاستی تواناكانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی دەسەڵاتداران.

ئەو شرۆڤەكارە راشیگەیاند، دەنگدەر هەستی بە ئەوە كردووە كە دەنگدانەكان لەپێناوی ئەوەدا بەكاردەهێندرێن كە دەسەڵات بۆخۆی دەیبات، بۆیە بەدەنگدان هاووڵاتیان جارێكی دیكە دەسەڵات لەخزمەت خۆیان بەكارنایەنن.

باسی لە ئەوەش كرد كە هەر كات حكومەت لە دەنگدان نزیك ببێتەوە، دەكەونە بەرپێی خەڵكی دەنگدەرەوە بەهەزار شێوە لە ماستاوكردن و داخوازی جێبەجێكردن و بەڵێنی درۆ، تا دەگەنە ئەو ئاستەی دەسەڵات وەربگرن.

ئەوەشی ڕونكردەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تا ئێستا نادیارە و لە دوای دەنگدان دیاری دەكرێت، ڕاشیگەیاند ئەم سیاسەتەی پێی دەچنە ناو پەرلەمانی عێراقەوە، سیاسەتێكی سیاسیی ئەركدار نین كە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی كورددا لە عێراقدا كار بكەن، لە بەر ئەوە ئاسۆیەكی ڕوون بۆ ئەو دەستكەوتانەی گەلی كورد لە باشووری كوردستاندا نییە.