سەردێر

وەستا ڕەسوڵ؛ ئەمریكا لە هەرێم ناكشێتەوە خەتی تەماسە لەگەڵ ڕۆژاوا

خەڵك
فەرماندەیەكی باڵای پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت ، هێزەكانی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان ناكشێنەوە، تەنانەت گەر لە عێراقیش بكشێنەوە، چونكە دۆخی هەرێمی كوردستان جیاوازە بۆ ئەو هێزانە و دەشڵێت،”هەرێم بۆ ئەمریكا خەتی تەماسە لەگەڵ ڕۆژاوا”.

وەستا ڕەسوڵ، ڕاوێژكاری سەربازی هاوسەرۆكانی یەكێتی و فەرماندەیەكی باڵای پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریكا-ی ڕاگەیاندووە، ئەمریكا گەورەترین كونسوڵخانەی لەهەرێم دروستكردووە و پێویستی بە هێزی زۆر هەیە بۆ حیمایەكردنی، پاشان هەرێم خەتی تەماسە لەگەڵ ڕۆژاوا و تا ئێستا پشتیوانی ڕۆژاوایە، بۆیە هێزەكانیان لە عێراقیش بكشێنەوە لەهەرێم دەمێننەوە.
ڕاشیگەیاندووە، هاوپەیمانان لە ساڵی 2015 ەوە تائێستا هاوكاری پێشمەرگە دەكەن، بودجەیەكی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریكاوە بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق تەرخانكراوە و ئەم هاوكاریە تا ساڵی 2025 بەردەوامی دەبێت.

ئاشكراشیكردووە، كە ئەمریكا لە عێراقیش بكشێتەوە، كاریگەری لەسەر هەرێم نابێت و لە هەرێم ناكشێتەوە.

وەستا ڕەسوڵ باسی لەوەشكردووە، كە لە ناو داعش سەرچاوەیان هەیە، هەنگاوەكانیشیان دیارە، دەشتی حەویجە تەنها جادە سەرەكیەكانی بەدەست سوپاوەیە، هیچ جێگەیەكی دیكە بەدەست عێراقەوە نەماوە، داعش كوێی بوێ، كۆنتترۆڵی دەكات، سوپا ناتوانێت بەری پێبگرێ.

ئەمە لەكاتێكدایە ، لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا سەرۆكی ئەمەریكا و سەرەك وەزیری عێراق لە كۆبوونەوەكەیاندا لە كۆشكی سپی جەختیان كردەوە لەوەی تاوەكو ڕۆژی 31ی مانگی 12ی ئەمساڵ ئەركی سەربازەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا دەگۆڕدرێت بۆ ڕاوێژكردن و هیچ ئەركێكی شەڕكردنیان نامێنێت.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان