سەردێر

خواستی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زیاد دەكات

خەڵك-ئارام سەردار

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، تەنها ئەمڕۆ لەسنوورەكەیان زیاتر لە ٧٠٠ كەس ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، داواش لەهاووڵاتیان دەكات خۆپارێزی بكەن.

دكتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەسنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەردەوامین لەهۆشاركردنەوەی هاووڵاتیان بەمەبەستی خۆپاراستنیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەویش بەدابەشكردنی پڕوشوری ڕێنمایی خۆپارێزی بەسەر هاووڵاتیان لەلایە بەشی پتەوكردنی تەندروستی و ئاگاداركردنەوەیان لەمەترسی كۆرۆنا و هەروەها گرنگی وەرگرتنی ڤاكسین.

دەشڵێت: “تەنها ئەمڕۆ ٧٦٣ كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە لەسنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و ئومێد دەكەین هاووڵاتیان خۆیان تۆماربكەن لەسیستەمی وەرگرتنی ڤاكسین”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، كۆرۆنا لەهەڵكشانە و ژمارەكان بەرزدەبنەوە، تاكە چارەسەر خۆپارێزیە، هەروەها وەرگرتنی ڤاكسین بەرگری گشتی دروست دەكات بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبووان كەم ببێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، کۆی گشتی ئەوانەی تا ئێستا ڤاکسینیان لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین وەرگرتوە ١٦ هەزار ١١٢ کەسن.