سەردێر

ڕێواز فایەق بانگهێشتی ئێران دەكرێت

خەڵك-

سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە دەكات.

پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر بانگھێشتی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران، د. ڕێواز فایق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری تازە ھەڵبژێردراوی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات.

ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢١/٨/٥، ڕێوڕەسمی سوێندخوارنەكە بەڕێوەبچێت.

سەید ئیبراهیم ڕەئیس ئەلساداتی، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران لە 14-12-1960 لە خێزانێكی ئایینی شاری مەشهەد لەدایك بووە و باوك و دایكیشی لە حەوزەی قوم و مەشهەد مامۆستابوون و لە ساڵی 1985 بووە بە جێگری داواكاری گشتی تاران و لە ساڵی 2004 تاوەكو 2014 بۆ ماوەی 10 ساڵ جێگری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بووە.

د. ئیبراهیم ڕەئیسی خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە یاسا و ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی و دكتۆرا لە ماف و دواتر بووە بە مامۆستا لە زانكۆ و حەوزەی قوم.

لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی 18ی مانگی ڕابردوو بە سەرۆك كۆماری نوێی ئێران هەڵبژێردرا و ئەمڕۆش لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێستای ئێران ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیان كردووە و چۆتە كۆشكی كۆماری.