سەردێر

دوو بڕیاری نوێ‌ بۆ بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دەرچوو

خەڵك-
بە مەبەستی ڕێكخستنی لیستی ناوی هاووڵاتیان لە بەشەخۆراكی مانگانەدا، وەزارەتی بازرگانی عێراق دوو بڕیاری نوێ‌ دەربارەی پسووڵەی بەشەخۆراك دەخاتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

سیامەند نانەكەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراكی هەولێر ڕایگەیاند، تا ئێستا منداڵی تازە لەدایكبوو لەڕێگەی بەڵگەنامەی لەدایكبوونەوە كارەكانیان ڕایی دەكرا و ناویان بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراك لەسەر پسووڵەی خۆراك تۆماردەكرا، بەڵام بەغدا لەئێستادا بڕیارێكی دەركردووە و ناو تۆماركردنی بەو شێوەیە ڕاگرتووە، چونكە كێشەی بۆ دروست كردبوون.

ڕاشیگەیاندووە، بەپێی بڕیارە نوێیەكە تۆماركردنی منداڵ تەنها لەڕێگەی ناسنامە یان كارتی نیشتیمانییەوە دەبێت، بۆیە دەبێت خێزانەكان چاوەڕوان بن تا كاتی دەرچوونی ناسنامە یان كارتی نیشتیمانی بۆ منداڵەكانیان، دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پسووڵەی خۆراك بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا بڕیارێكی دیكە دەرچووە بۆ ڕاگرتنی تۆماركردنی ئاوارەكانی ئێران و توركیا و سوریا بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراك، لەكاتێكدا پێشتر ڕێگەی پێدەدرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە فەرمانبەرێكی پسووڵەی خۆراكی سلێمانی دەستی كەوتووە، “لە سلێمانی كار بەو بڕیارە دەكرێت و بۆ تۆماركردنی منداڵی تازەلەدایكبوو وەك ڕابردوو كار بە بەڵگەنامەی لەدایكبوون ناكرێت، بەڵكو دەبێت دایكان و باوكان بچنە فەرمانگەی كارتی نیشتمانی و وێنەی تۆماری ئەلیكترۆنی بهێننن ئەوجا ناوی منداڵەكە تۆمار دەكرێت”.

فەرمانبەرەكە وتیشی، “منداڵ كاتێك ناوی دەخرێتە سەر بەشەخۆراك، كە تەمەنی ساڵێكی تەواو كردبێت”.