سەردێر

ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران تووشی كۆرۆنا بوون و دەوامیش ڕانەگیراوە

خەڵك-
بەشێكی زۆری فەرمانبەران لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام هیچ بڕیارێك بۆ ڕاگرتنی دەوام یان كەرەنتینە كردنی ئەو فەرمانگانە دەرنەچووە و ئەوەش مەترسی لای فەرمانبەرانی دیكە دروست كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە چەند فەرمانگەیەكی سلێمانییەوە دەستی كەوتووە، لە ئێستادا ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەران ئەنجامی پشكنینەكانی كۆرۆنا دەبەنەوە بۆ فەرمانگەكان، كە بە ئەرێنی دەرچووە و دەركەوتووە هەڵگری كۆرۆنان، بەڵام هیچ بڕیارێك بۆ داخستنی فەرمانگەكان یان كەرەنتینە دەرنەچووە، بەپێچەوانەوە بەهۆی زیادكردنی دەوامەوە قەرەباڵغییەكی زۆر كەوتۆتەوە ناو فەرمانگەكان.

چەند فەرمانبەرێك جەختیان لەوەكردەوە، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا زۆر زیادی كردووە و ئەوەش ترسی لای فەرمانبەرەكانی دیكە دروست كردووە بەهۆی بەركەوتەییان بە فەرمانبەرانی دیكەوە، بەڵام بەڕێوەبەری فەرمانگەكان ئامادەنین چەند ڕۆژێك فەرمانگەكان دابخەن.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، كە هەردووكیان ئەندامی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

هەر لەسەر هەمان پرس (خەڵك) پەیوەندی كرد بە د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و د. هێرش سەید سەلیم و حاجی عەبدوڵا، جێگرانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و لەیلا عومەر، جێگری پارێزگاری سلێمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی ڕۆژانە سەرووی 3 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا دەبن و هەرێم كەوتۆتە دۆخی مەترسیداری هێڵی سوور و “هەر فەرمانگەیەكیش زیاتر لە 5 كارمەندی تووشی كۆرۆنا ببن دەبێت بۆ 14 ڕۆژ كەرەنتین بكرێت” بەڵام تا ئێستا ڕێكاری پێویست بۆ پاراستنی گیانی فەرمانبەران نەگیراوەتەبەر.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە هاووڵاتیان خۆپارێزی بكەن و بەپێی پێویست نەبێت لەماڵ دەرنەچن و قەرەباڵغی كەم بكەنەوە، بۆ ئەوەی هێڵی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە كەم ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێژەی تووشبوون لەهەڵکشانە و کەم نەبۆتەوە، ئەمڕۆش تیمێکی پزیشکی ئەڵمانیا لەگەڵ پزیشکان و تەندروستی شارەکان کۆدەبنەوە، ئێمەش لەڕاپۆرتێکدا پێشنیارەکانی خۆمان دەدەین بەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بابەتی هێڵی سوریش لەعیراق لەسەر سێ بنەما دیاری کراوە، ئێمەش پێشبینی دەکەین بەهۆ زۆری ژمارەکان لەم هێڵەبین.

ئاشكراشی كرد، لە ئێستادا دۆخی هەرێم لە هێڵی (نارنجی) دەرچووە و گەیشتۆتە هێڵی سووری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و هەموو ڤایرۆسێكیش، كە وەك شەپۆلێك بڵاودەبێتەوە پێویستی بە چوار بۆ شەش هەفتەیە، بەڵام کۆڕۆنا هیچ پێشبینیەکی لەسەر نیە.