سەردێر

سێ‌ وەزارەتی هەرێم دەدرێنە كەرتی تایبەت

خەڵك-
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە سێ‌ كەرتی (تەندروستی و پەروەردە و كارەبا) دەدرێنە كەرتی تایبەت.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی (هاووڵاتی) ڕایگەیاندووە، “ساڵی داهاتوو كارەبای هەرێم بە تەواوەتی دەدرێتە كەرتی تایبەت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سیاسەتی ئێستای حكومەتی هەرێم ئەوەیە هەموو ئەو سێكتەرە خزمەتگوزارییانەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە بیداتە كەرتی تایبەت بە جۆرەكانی كارەبا و پەروەردە و تەندروستییەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دۆسیەی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو و پارەی خۆڵی ماڵان دراوەتە كۆمپانیاكان.

یاسین مەحمود، سەبارەت بە شڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی وەبەرهێنان بۆ پارێزگاكان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردبوو، ئەم بڕیارە جگە لەوەی كاری ڕۆتینی تەواو كەم كردەوە، پارێزگاكان خۆیان دەتوانن بڕیار لە وەبەرهێنان لە سنوورەكەی بدات، كە چ جۆرە پڕۆژەیەك بەپێی گونجاندنی سنورەكەی جێبەجێ‌ دەكات، كە ئەمە هەلی كار و بوژانەوەی كەرتی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ڕاشیگەیاند، ئەم بڕیارە وادەكات كێبڕكێیەكی ئەرێنی لەنێوان پارێزگاكان دروست ببێت بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، ئیتر هیچ پاساوێك نەماوە بەوەی دەسەڵات لای پارێزگاكان نیە، كە لە كام شار پڕۆژە جێبەجێ‌ ناكرێت و بە پێچەوانەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە شۆڕكردنەوە دەسەڵات بۆ پارێزگاكان وادەكات هەر پارێزگایەك لە ڕووی پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە تایبەتمەندی خۆی وەربگرێت، جا لە بواری پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان ئاوەدانكردنەوە بێت.

ئاشكراشیكرد، بەدەركردنی ئەم بڕیارە دڵنیام ئیتر هەلی كار و گڕوتینێك بە بازاڕ و ئاوڕێكی باشیش دەبێت لە گیرفانی هەموو ئەوانەی كار دەكەن و لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنادا دەستیان هەیە.