سەردێر

‌ژنێكی دووگیان بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا

لە ٢٥٪ی ئەوانەی پشكنین دەكەن تووشی كۆرۆنا بوون

خەڵك-

 

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێژەی تووشبووانی كۆرۆنا لەنێو ژنانی دووگیانیش زیادی كردووە، بەداخەوە لەدوو ڕۆژی ڕابردووش ژنێكی دووگیان كە تەمەنی كەمتر لە ٣٥ ساڵ بوو گیانی لەدەستدا، ئەمەش دەرخەری زیادبوونی حاڵەتە خراپەكانە، یەكەم جاریش نیە ژنانی دووگیان گیانلەدەست بدەن، بەڵام ئێستا ژمارەی تووشبوونی ژنانی دووگیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتایبەتی كۆرۆنای گۆڕاو خێراترە و مەترسیدارە.

دەشڵێت”ژووری جیاكاری لەنەخۆشخانەكان بۆ ژنانی دووگیان كە تووشی كۆرۆنا دەبن ئامادەكراوە، ئەو كارمەندانەی كاریان لەگەڵ دەكەن ڕاهێنانی تایبەت پێكراون بۆ چارەسەركردنی ئەو ژنانە.

ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسیدایە گەر نەگەیشتبینە ناو هێڵی سوور لەلێواری هێڵی سورین بەهۆی زۆری ژمارەكان بەشێوەیەك لە پشكنینەكان زیاتر %٢٥ی ئەوانەی پشكنین دەكەن تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە بۆیە ئێمە لە نزیك بوونەوە لە هێڵی سوور نزیكین كە ئەوەش مەترسیدارە.

باسی لەوەشكرد، شوێنی وەرگرتنی پێكوتەی ڤاكسینی كۆرۆنا زۆر زیاتر كراون و لە ئێستادا زیاتر لە ١٢٠ شوێنی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بوونی هەیە و لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكان، هەروەها لە چوارچێوەی بەرنامەی نیشتمانی عیراقیش هاتنی ڤاكسین لە پشكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، پێویستیە هاووڵاتیان خۆیان تۆماربكەن.