سەردێر

بافڵ تاڵەبانی: ئامادەی هەموو هاوكارییەكین بۆ بوژاندنەوەی شنگال

خەڵك-

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتیوانییەكە بۆ بوژاندنەوەی شنگال و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە و بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ سێ شەممە (3ی ئاب) لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی 7 ساڵی جینۆسایدكردنی ئیزیدییەكان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ بە خەمێكی قوڵەوە یادی داگیركردنی شەنگال و جینۆسایدی ئەو خوشك و برا ئێزیدییانە دەكەینەوە كە بۆ هەمیشە وەك برینێكی ساڕێژنەبوو لە ویژدانی نەتەوەییماندا دەمێنێتەوە، درود بۆ رۆحی شەهیدان دەنێرین و هیوای گەڕانەوە بۆ ئەو خوشك و برایانە دەخوازین كە تاوەكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
وتیشی”ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتە مێژوییەدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بەشێكی زۆر لە خوشك و براكانمان لە دۆخێكی خراپدا لە كەمپەكان و دوور لە زێدی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن و هیچ هەوڵێكیش بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەیە نەدراوە و سیمای ژیانی بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، ئەوەش مایەی نیگەرانی ئێمەیە و پێویستە هەموومان پێكەوە دوور لە موزایەدە و ناكۆكی خەمی جددی شنگال بخۆین و هەوڵەكانمان لەپێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە و ئارامی بۆ شەنگال و خەڵكە خۆشەویستەكەی چڕ بكەینەوە”.
ئاشكراشیكرد، یەكێتی ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتیوانییەكە بۆ بووژاندنەوەی شنگال و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە و بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دەبێت حكومەتی عێراق لە هەوڵەكانی بەردەوام بێت بۆ قەرەبووكردنەوە و ئاساییكردنەوەی ژیان لە شەنگال و چیتر ئەو ناوچەیە نەبێتە مەیدانی ململانێ سیاسییەكان.