سەردێر

سلێمانی.. زۆربەی سەوزاییەكانی پاركی هەواری شار لەناوچوون

 

خەڵك
بەڕێوەبەری پاركی هەواری شار دەڵێت، سەوزاییەكانی سلێمانی و بە تایبەت پاركی هەواری شار، زۆرێكی وشك بوون و هێشتا پارەكەی حكومەت لە ڕۆتیناتی خەرجكردندایە، و ئەگەر بێت و بە زووترین كات لەلایەن ڕێخراوە خێرخوازییەكانەوە یارمەتی نەدرێن ئەوا ئەو بەشە سەوزایەش كە ماوە لەناو دەچێت.

ڕێبین شێخ جەمیل ، بەڕێوەبەری پاركی هەواری شار، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بە شێوەیەكی گشتی دۆخی پاركی هەواری شار باش نییە و زۆربەی درەختەكان وشك بوون، كە ئەمەش هۆكارەكەی نەبوونی ئاو و كەم بوونەوەی سەرچاوە ئاوییەكانە كە وایكردووە نەتوانرێ چیمەنەكان ئاو بدرێن و بە ڕێژەی %١٠٠ زەرد بوون و فەوتاون و گوڵەكان %٨٠ وشك بوون و پەرژینەكان ٣٥% و بەشێكی كەم لە درەختەكانیش وشك بوون.

باسی لەئەوەش كرد، ئەو بەشە بودجەیەی كە حكومەتی هەرێم بڕیار بوو بۆ ئاوەدان كردنەوەی باخچەكان و زیاتر كردنی سنوری سەوزایی لە بەرواری ١/٦ سەرفی بكات، بەڵام تا ئێستا لە پڕۆسەیەكی تەندەریندایە و كە هەر تەندەرێك نزیكەی ١٥ ڕۆژێكی پێویستە ئەمەش وایكردووە كە كاتێكی زۆر بخایەنێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو بڕە پارەیە لە ئێستادا هیچ سودێكی نابێت، چونكە ئەو زیانانەی ئەم ساڵ بەر پاركی هەواری شار كەوتووە بە بڕە پارەیەكی زۆر قەرەبوو دەكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵ دەبین بەو بڕە پارەیە، چونكە ئێمە دەتوانین لەساڵی داهاتودا سوود لەو بڕە پارەیە وەربگرین.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەگەر بێتوو لە ماوەیەكی كەمدا لە لایەن حكومەت یاخود ڕێكخراوە خێرخوازییەكان یارمەتیمان پێنەگات و تەنكەرمان بۆ ئامادە نەكەن ئەو بەشە درەخت و سەوزاییەش كە ماون وشك دەبن و لەناو دەچن.