سەردێر

كۆرۆنا، گەمارۆی تارانی پایتەختی ئێرانی داوە

خەڵك-

میدیای ئێرانی بڵاویكردەوە، مەترسییەكانی كۆرۆنا لەسەر تەواوی ئێران زیادی كردووەو لە ئێَستادا نزیكەی 300 شار و شارۆچكەی وڵات لە مەترسی تونددا ژیان بەڕێدەكەن.
ناوەندی پەیوەندییە گشتییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشكرایكرد، كۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ئێران تەشەنەدەكات، بەشێوەیەك لە 24 كاتژمێردا 411 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و تاكو ئێستاش 91 هەزار و 407 كەس لە تەواوی ئێران بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەكان، دۆخی شاری تاران لە مەترسیدایە و لای خۆشییەوە وەزیری تەندروستی داوای لە عەلی خامنەیی كردووە لانی كەم دوو هەفتە كەرەنتینەی گشتی ڕابگەیەنێت تاكو دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە.
میدیاكانی ئێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، پایتەختی ئێران بە كۆرۆنا دەورە دراوە و گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بەهۆی بەرزبوونەوەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا فشارێكی زۆری لەسەرە و بەرپرسانی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناش ئاشكرایدەكەن، كۆرۆنا لە جۆری دەلتا لە 29 پارێزگایی وڵات تۆمار كراوە و نەخۆشخانەكانیش پڕ بوون.
بەپێی زانیاری میدیاكانی ئێران، لە سەرەتای دەستپێكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاكو ئێستا نزیكەی 36 هەزار كەس لە گۆڕستانی زەهرا بەخاك سپێردراون و تا ئێستاش زیاتر لە 21 هەزار دانیشتووی تارانی گیانیان لەدەستداوە.