سەردێر

داوا دەكرێت دوو هەفتە قەدەغەى هاتووچۆ بسەپێنرێت

خەلًك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق، تەئكید لەسەر واژۆكردنی گرێبەستی كڕینی 18 ملیۆن پێكوتەی ڤاكسینی فایزەری دژە كۆرۆنا دەكات، لە هەمان كاتدا پشتیوانی خۆی بۆ سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی بۆ ماوەی دوو هەفتە بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە ڕادەگەیەنێت.

ئاژتنسی دەنگوباسی فەرمی عیراقیە لە زاری ڕیاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گشتی ڕایگەیاند”تەندروستی گرێبەستی بۆ كڕینی 18 ملیۆن پێكوتەی ڤاكسینی فایزەر كردووە و بۆ هەموو توێژەكان و بە تایبەت بۆ هاووڵاتیانی سەر و تەمەن 18 ساڵان بەكاردەهێنرێت”.

بە وتەی ڕیاز عەبدولئەمیر”لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بەشێوەیەكی بەردەوام ئەو ڤاكسینەی دێتە نێو عیراق زیاتر دەبێت”.

بۆ بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوانیش، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عیراق وتی”تەندروستی پشتیوانی لە سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆى گشتی  دەكات بۆ ماوەی 14 ڕۆژ كە پێویستە بەشێوەیەكی ڕاست و دروست جێبەجێ بكرێت و ببێتە مایەی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە و ڕێژەی تووشبوان كەم بكاتەوە”.

ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایگەیاند، 12734 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 8734 كەسیش چاكبوونەتەوە، 68 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.