سەردێر

فازڵ نەبی: حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەكاتی خۆیدا و بێ‌ لێبڕین مووچە دابەش بكات

هۆكارەكەی بۆ بڕیارێكی كازمی دەگێڕێتەوە

خەڵك-
بریكاریی پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باش دەبێت و حكومەت دەتوانێت مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات، هۆكاریی ئەمەش بۆ بڕیارێكی مستەفا كازمی دەگێڕێتەوە.

ئەمڕٍۆ دوو شەممە، فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، رایگەیاند”مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تاوەكو پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق جێبەجێ دەكرێت و لەگەڵ هەرێم دەگەنە رێككەوتن، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكەن و مانگی شەشیان ڕەوانە كردووە و بڕیاری داوە مانگی حەوتیش ڕەوانە بكرێت”.

بە وتەی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق”حكومەتی عێراق بەپێی بڕیاری سەرۆك وەزیران لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە، تا كۆتایی ساڵ مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات، چونكە بودجە بۆ ئەمساڵە”.

فازڵ نەبی دەڵێت”بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بەو شێوەیەیە كە ئەمساڵ ھەموو مانگێك 200 ملیار دینار ڕەوانە بكەن، بۆیە پێویستە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا، پارەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش ڕەوانە بكرێت، بەم ھەنگاوەش دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باش دەبێت و حكومەت دەتوانێت مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات”.