سەردێر

پێشنیارێك بۆ چۆنیەتی‌ دابەشكردنی‌ مووچەی‌ خانەنشینان دەخرێتەبەردەم حكومەت

خەڵك-
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیارێك بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان دەخاتە بەردەم حكومەت و دەڵێت، خانەنشینان بەهۆی تەمەنییان و ساڵانی زۆری خزمەتییان بە وڵات و فەرمانگە و دامەزراوەكان، شایستەی ئەوەن ڕێزیان لێبگیرێت.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پێشنیارێكیدا بۆ حكومەت كە لەڕێی فەیسبوكەوە بڵاویكردۆتەوە ڕایگەیاندووە”هاووڵاتیان بەشێوەیەكی‌ گشتی‌ مافی‌ ئەوەیان هەیە بەشێوەیەكی‌ شایستە دەستیان بە خزمەتگوزارییەكان بگات و لەكاتی‌ مامەڵەی‌ دامەزراوە فەرمییەكاندا بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، بەتایبەت هاووڵاتیانی‌ خانەنشین، بەهۆی‌ تەمەنیان، هەروەها ساڵانێكی‌ زۆری‌ خزمەتكردنیان بە وڵات و فەرمانگەو دامەزراوەكانی‌، شایستەی‌ ئەوەن ڕێزی تایبەتیان لێ بگیرێت و مامەڵەی‌ دامەزراوەكانی‌ حكومەت گونجاوو شایستەی‌ ئەو تەمەنەو ئەو ساڵانی‌ خزمەتەیان بێت”.

بە وتەی عومەر گولپی”بەڵام خانەنشینان لەكاتی‌ وەرگرتنی‌ مووچەكانیاندا، شێوازی‌ مامەڵەی‌ تەندروست و میكانیزمی‌ گونجاو فەرامۆش كراوە و بە پێچەوانەی‌ ئەم بنەمایەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئەوەش بەهۆی‌:

١ـ پێویستە هەر خانەنشینێك ڕێگەیەكی‌ دوور ببڕێت تا دەگاتە بانك بۆ وەرگرتنی‌ مووچەكەی‌، كە زۆرجار ڕووبەڕووی‌ كیشەی‌ هاتوچۆ دەبنەوە.
٢ـ شوێنی‌ وەرگرتنی‌ مووچەكانیان لە بانك و بنكەكان شایستە نین، بەهۆی‌ گەرماو تەپ و تۆزی‌ هاوین، سەرماو بارانی‌ زستان، خراپی‌ شوێنی‌ وەستان و دانیشتن.
٣ـ بوونی‌ قەرەباڵغی‌ زۆر لە كاتی‌ دابەشكردنی‌ مووچەكاندا، بەجۆرێك كە پێویستە بۆ چەند سەعاتێك چاوەڕێ بكەن تا مووچەكانیان وەردەگرن.
٤ـ بوونی‌ نەخۆش، تەمەنی‌ زۆرو بەساڵاچوون لە ڕیزی‌ خانەنشیناندا بووەتە هۆی‌ دروستبوونی‌ دۆخێكی‌ نا ئینسانی‌ لەكاتی‌ وەرگرتنی‌ مووچەكاندا، بەجۆرێك كە چەند حاڵەتێكی‌ مردن و بورانەوە تۆماركراوە لە سەرەی‌ وەرگرتنی‌ مووچە.
چارەسەر چییە؟
بۆیە گرنگە حكومەت ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت و چارەسەرێك بۆ ئەم كێشە گەورەیە بدۆزێتەوە، وەك هەوڵێك بۆ چارەسەر، ئەم پێشنیارانەی‌ خوارەوە دەخەینەڕوو:
١ـ مووچەی‌ خانەنشینان بكرێت بە كارتێكی‌ ئەلیكترۆنی‌ و بە ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی‌ كەرتی‌ تایبەت ئامێر یان بنكەی‌ دابەشكردنی‌ مووچە لە نزیكترین شوێنی‌ نیشتەجێبوون دابنرێت بەجۆرێك لە هەر شارێك یان شارۆچكەیەك ژمارەیان گونجاوبێت لەگەڵ ژمارەی‌ خانەشینان تا قەرەباڵغی‌ دروست نەبێت، تا ئەو كاتەی‌ توانای‌ بانكی‌ حكومەت گونجاوبێت.
٢ـ یان، مووچەی‌ خانەشینان لەهەر مانگێكدا ڕۆژێكی‌ دیاریكراوی‌ نەبێت و لە ڕۆژی‌ یەكەمی‌ هەر مانگێكەوە دەست پێبكات بۆ كۆتایی‌ هەر مانگێك، واتە دەرگای‌ بانكەكان بۆ خانەنشینان كراوەبێت بۆ وەرگرتنی‌ مووچەكانیان بەدرێژایی‌ مانگ بۆ وەرگرتنی‌ مووچەی‌ هەر مانگێك تا قەرەباڵغی‌ دروست نەبێت.

لە كۆتایی پێشیارەكەدا، ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، “یاداشتەكەی ئاراستەی‌ (سەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەەزیران) بكرێت، بەمەبەستی‌ چارەسەركردنی‌ كێشەكە و كاركردن لەسەر كۆتایهێنان بەو بێڕێزییەی‌ بە باوك‌و دایك‌و باپیرەو داپیرەكانمان ئەكرێت لەكاتی‌ وەرگرتنی‌ مووچە”.