سەردێر

وەزیری تەندروستی، پێشبینی دەكەین گەیشتبینە هێڵی سوور

 

خەڵك-ئارام سەردار

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تمێكی تایبەت بە چونیەتی هەڵسەنگاندنی پشكنینەكانی تایبەت بە pcr هەروەها تیمی پسپۆڕی بواری پەتازانی و ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی كۆڕۆنا، پلانێكی گونجاویان داڕشتووە بۆ ئەوەى تەندرووستی هەموو پارێزگاكان لەوۆرك شۆپێكدا لەبارەی دۆخی تەندروستی پشنیاری خۆیان بخەنەڕوو، ئێمەش سوپاسی ڕێكخراوی gizی ئەڵمانیا دەكەین كەوا جگە لەهاوكاری تەندروستی لەڕووی دەرمان ئەمبوڵانس و ئامێری پشكنینیان پێشكەش كردووین لەڕابردوو، ئەمڕۆش بۆ زیاتر هاوكاری هەرێم تیمێكی تەندروستی ئەڵمانیایان هێناوە بۆ هەرێم تاوەكو هاوكاری زانستی پێشكەش بكەن لەڕووبەڕووبونەوەی كۆڕۆنا.

دەشڵێت، بڕی ١٠٠ هەزار كیتی پشكنینی pcr پێشكەش كردوین، ئێمەش دابەشی سەرپارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی دەكەین، بەتایبەت ئێستا ژمارەی تووشبووان لەهەڵكشانەو پێویستە خێرایی تووشبوون هیواش بكەینەوە

باسی لەوەشكرد، پێشبینی دەكەین گەیشتبینە هێڵی سوور، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئێستا كار لەسەر سێهەمین ڕاپۆرتی ئێمە دەكەن و ئاستەكە دەست نیشان دەكرێت، ئێمەش هەفتانە كۆبوونەوەی ليژنەی باڵا دەكەین بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی.

ئەوەشی خستەڕوو، هەفتەیەك بەر لەئێستا داوامان لەهاووڵاتیان كرد كەوا هاوشێوەی وڵاتان بچن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، بەڵام ئێستا دەبینین بەهۆی زۆربوونەوەی ژمارەی تووشبووان هاووڵاتیان متمانەیان كرد كەوا كۆڕۆنا جدیە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی بنكەكانی لێدانی ڤاكسین زیاتر كراون بەڵام قەرەباڵغی زۆر دروستدەبێت لەلایەن ئەوكەسانەی بەبێ خۆتۆماركردن دەیانەوێ ڤاكسین وەربگرن، خۆ ئەگەر ڤاكسین هەبێت شەو و ڕۆژ ئامادەین كاربكەین، بەڵام ڕێژەكە دیاری كراوە، بۆیە ئەوەی دەیەوێ ڤاكسین وەربگرێت خۆیان تۆماربكەن و دوای ئاگاداركردنەوەیان لەڕێگای نامە دەتوانن سەردانی بنكە بكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.