سەردێر

عیراق 200 ملیاری دیكە بۆ مووچە ڕەوانەی هەرێم دەكات

خەڵك
دوای ئەوەی لە میدیاكان بڵاوكرایەوە، كە عیراق بڕیاریدا بۆ مانگی تەمموز بڕی 200 ملیار دیناری دیكە ڕەوانەی هەرێم بكات، ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هیچ لێبڕینێك لەمووچەی فەرمانبەران نەبێت.

بۆ بەدواداچوونی پرسی ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە، كە هەندێك لە میدیاكان بڵاویانكردۆتەوە، (خەڵك) پەیوەندی كرد بە هەریەكە لە د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و چەند سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.

لای خۆشیەوە، عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، بەغدا لەناردنی ٢٠٠ ملیار بەردەوامە، بۆیە پێویستە هیچ لێبڕینێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەمێنێت.

ڕاشیگەیاندووە، بەداھاتی ناوخۆوە، كۆی داھات لە پێویستی مووچە زیاترە و پێویستە پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژێرخان دەستپێبكاتەوە.

هەرچەندە مووچەی مانگی 7 بەبێ‌ لێبڕین دابەشكرا، لەڵام تا ئێستا پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستی پێ‌ نەكردۆتەوە و هاوكات بەهای مووچەی فەرمانبەران كەمی كردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە.