سەردێر

بۆ وەبەرهێنان ئەم هەفتەیە سێ شاندی جیا سەردانی سێ وڵات دەكات

خەڵك
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەمەبەستی پەرەپێدانی كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێم ئەم هەفتەیە سێ شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی سێ وڵات دەكەن.

د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی سێ شەممە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی ئیمارات دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئیمارات كۆببێتەوە لەسەر كاری وەبەرھێنان و پرسە ئابوورییەكان.

ڕاشیگەیاندووە، شاندێكی دیكەی ئێمە سەردانی وڵاتی ئیتاڵیا دەكات بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاری پیشەسازی و دواتر شاندێكی هاوبەشی دەستەی وەبەرھێنان و كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازی سەردانی وڵاتی ھۆڵەندا دەكات.

ئاشكراشیكردووە، سەردانی شاندی كشتوكاڵ بەمەبەستی پڕۆژە نوێیەكانی كشتوكاڵ و سوود وەرگرتنە لە تەكنەلۆژیای كشتوكاڵ و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ كۆمپانیاكانی هۆڵەندا، كە كارێكی باش لە ھەرێم دەكەن، كە ئەو كارگەیەی لە ڕوڤیا كراوەتەوە بۆ بەرھەمھێنانی جبس بە ھاوبەشی لەگەڵ ھۆڵەندایە، بۆیە كاری زیاتر دەكەین بۆ ئەوەی بتوانن كاری باشتر بۆ ھەرێمی كوردستان بكرێت.