سەردێر

باران دەستپێدەكاتەوە و بۆ یەكەمجار لەمێژوودا ئەم مانگە گەرما ناگاتە 50 پلە

خەڵك-

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، پلەكانی گەرما زیاتر ڕوو لە دابەزین دەكەن و لەم مانگەدا گەرمای 50 پلەیی تۆمار ناكرێت و بارانی بەخوڕیش چەند ناوچەیەكی هەرێم دەگرێتەوە.

مونتەزر وائلی، شارەزای كەشناسی عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، پلەكانی گەرما جارێكی دیكە دادەبەزن بەتایبەتی لە 10 ڕۆژی دووەمی مانگی ئاب (8)دا، كە ئەمە بۆ یەكەمین جارە لە عێراقدا لە مانگی 8 پلەی گەرمای 50 پلەیی تێدا تۆمار ناكرێت.

لای خۆشیەوە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی کوردستانی باکور لەسەر ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و باشوری ڕۆژھەڵاتی ھەرێم سبەی دوو شەممە ٢-٨-٢٠٢١ لەنێوان کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە کاریگەری چالاکبوونی تاوە باران و ھەورە تریشقە زیاتر ئەبێت بەتایبەت لەسەر ناوچە شاخاویەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین و سنوری پارێزگای ھەڵەبجەش دەگرێتەوە.

ڕاشیگەیاند، پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ و ڕوودانی ھەورە بروسکەی توند ئەکەین بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکاندا و لە سەنتەری شار و نزمایەکانی سنورەکەشدا ئەگەری نمە باران ئەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆکیش لە ناوچە شاخاویەکانی ناوچەکەدا کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە بەردەوامی ئەبێتەوە.

وتیشی، “پلەکانی گەرما بەڕێژەی ١ بۆ ٢ پلە ڕوو لەنزمبوونەوە دەکەن و لەسەنتەری پارێزگاکان لەنێوان ٤٠ تا ٤٣ پلە ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکاندا لەکاتی بارانبارین بەڕێژەی ٤ تا ٦ پلە زیاتر ڕوو لەنزمبوونەوە دەکات بەشێوەیەکی کاتی”.