سەردێر

لیژنەی باڵای كۆرۆنای هەرێم بڕیاری نوێ‌ دەردەكات

خەڵك-
بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا جارێكی دیكە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆببێتەوە و بڕیاری نوێ‌ سەبارەت بە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی بدات.

حەمزە رەزیكی، وتەبێژی تەندروستیی دھۆك بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: “رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆك بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردبوو، بەڵام ئەوە دوو ڕۆژە ڕێژەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.

دەشڵێت: “ڕێژەی بەكارھێنانی ڤاكسین زۆر زیادی كردووە، بۆ نموونە لە شەپۆلی دووەمی كۆرۆنادا ڕۆژانە تەنیا ھەزار كەس ڤاكسینیان وەردەگرت، بەڵام ڕێژەكە بەرزبۆتەوە بۆ 4 ھەزار كەس، دوو بنكەی دیكەی ئێوارانیش كراونەتەوە و نەخۆشخانەی ئازاد لە سەنتەری دھۆك، نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاكرێ، ئیوارانیش لە ئەركدان بۆ پێدانی ڤاكسین”.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی سێ شەممەی داھاتوو جارێكی دیكە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و پێداچوونەوە بە بڕیارەكانی پێشوودا دەكەن، لەوانەیە بڕیاری نوێش دەربكرێن، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ھەڵسەنگاندنی ڕەوشەكە.

لە ئێستادا ڕۆژانە زیاتر لە 2 بۆ 3 هەزار كەس لە هەرێم تووشی كۆرۆنا دەبن و ئاماری مردنیش بە پەتاكە تادێت زیاتر دەبێت، بەڵام تا ئێستا ڕێكاری توند نەگیراوەتەبەر و تەنها داوای خۆپارێزی دەكرێت و هیچ شوێنێك دانەخراوە لەكاتێكدا لە عێراق پەیڕەوی نیمچە قەدەغەی هاتووچۆ دەكرێت و دەوامیش بۆ نیوە كەم كراوەتەوە.