سەردێر

یاسین مەحمود: شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی وەبەرهێنان بۆ پارێزگاكان هەلی كار و ژێرخانی ئابووری دەبوژێنێتەوە

خەڵك –
دەستەی گشتی وەبەرهێنانی هەرێم دەسەڵاتەكانی شۆڕكردەوە بۆ پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵیت: “ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژێرخانی ئابووری پارێزگاكانەوە هەیە و منافەسەكی قورس لەنێوان پارێزگاكان دروست دەبێت، لەكۆتایی دا هەموو لایەك سوودمەند دەبن”.

یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەدوای هەوڵە بەردەوامەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت توانرا ئەو هەواڵە خۆشە بدرێت، كە ئیتر دەستەی گشتی وەبەرهێنان دەسەڵاتەكانی شۆڕكردەوە بۆ پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارە سەربەخۆكان، كە ئەمە دەكرێت خۆشترین هەواڵ بێت بۆ وەبەرهێنەران و پارێزگارەكان و لەكۆتاییدا هاووڵاتیانیش.

وتیشی، “ئەم بڕیارە جگە لەوەی كاری ڕۆتینی تەواو كەم كردەوە، پارێزگاكان خۆیان دەتوانن بڕیار لە وەبەرهێنان لە سنوورەكەی بدات، كە چ جۆرە پڕۆژەیەك بەپێی گونجاندنی سنورەكەی جێبەجێ‌ دەكات، كە ئەمە هەلی كار و بوژانەوەی كەرتی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.

ڕاشیگەیاند، ئەم بڕیارە وادەكات كێبڕكێیەكی ئەرێنی لەنێوان پارێزگاكان دروست ببێت بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، ئیتر هیچ پاساوێك نەماوە بەوەی دەسەڵات لای پارێزگاكان نیە، كە لە كام شار پڕۆژە جێبەجێ‌ ناكرێت و بە پێچەوانەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە شۆڕكردنەوە دەسەڵات بۆ پارێزگاكان وادەكات هەر پارێزگایەك لە ڕووی پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە تایبەتمەندی خۆی وەربگرێت، جا لە بواری پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان ئاوەدانكردنەوە بێت.

ئاشكراشیكرد، بەدەركردنی ئەم بڕیارە دڵنیام ئیتر هەلی كار و گڕوتینێك بە بازاڕ و ئاوڕێكی باشیش دەبێت لە گیرفانی هەموو ئەوانەی كار دەكەن و لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنادا دەستیان هەیە.

یاسین مەحمود ڕەشید ئەوەشی باسكرد، سوودێكی دیكەی ئەم بڕیارە ئەوەیە، ئیتر كۆچی وەبەرهێنەران بۆ دەرەوە و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق كۆتایی دێت و هەموو دەگەڕێنەوە شارەكانی خۆیان و لەوێ پڕۆژەكانیان پێشكەش دەكەن.

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان جەختیشی كردەوە، ئەركی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە، كە كاری جدی لەسەر ئەوە بكات، تایبەتمەندی پارێزگاكەی لە ڕووی وەبەرهێنانەوە دیاری بكات، بۆ ئەوەی هەر پارێزگایەك بە ئەندازەی جوگرافی خۆی لە جۆرێك پڕۆژە پەرە بەكارەكانی خۆی بدات.