سەردێر

گۆڕان كۆنگرە دەبەستێت

خەڵك-

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ كۆنفڕانسی نیشتیمانی (كۆنگرە) دەبەستین.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی قەزاكان و باژێروانەكان بەڕێوەبچێت و هەموو هەوڵێكیش بدرێت بۆئەوەی لەمساڵدا دووەم كۆنفرانسی نیشتیمانی خۆی بەڕێوەبەرێت.

وتیشی، “لیژنەكان كاری باشیان كردوە و پەیكەرەی ڕێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان بەهێزە، هیچ موقەدەرێك نەیەتە پێشەوە ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتیمانی دەبەستین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ ئەوەبووین ئەو ڕێككەوتنانەی هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، زیاتر جیبەجێ بكرێن و متمانە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان زیاتر بێ و پڕۆسەی چاكسازی گشتگیر و گۆڕانكاری بچێتە پێشەوە و بتوانین متمانەی خەڵكی خۆمان بەدەست بهێنینەوە و لە هەمووی گرنگتر حكومەتی هەرێم بتوانێت مانگانە مووچە بە بێ لێبڕین دابەش بكات.

جەختیشی كردەوە، هەموو ئۆرگان و بازنە و مەكۆ و رایەڵەكان هەوڵی جدی و ڕژد بدەن بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێراق و سەركەوتنی كاندیدەكان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە پەیوەندیدارە بە هاوپەیمانی كوردستان.