سەردێر

سعودیە وەرزی دەستپێكردنی عومرە و وڵاتەكانيشی دیاریكرد

خەڵك-
دەسەڵاتدارانی سعودیە بڕیاریان لە دەستپێكردنی وەرزی عومرە دا و ئەو وڵاتانەشیان دیاری كرد، كە هاووڵاتییەكانی دەتوانن گەشتی عومرە ئەنجام بدەن.

هیشام سەعید، وتەبێژی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەرزی عومرە دەستپێدەكات لە 10ی ئابی ئەمساڵەوە و عومرەكاران دەتوانن بە پۆل ڕوو بكەنە مەككەی پیرۆز بۆ بەجێهێنانی سوننەتی عومرە و هەروەها سەردانی شاری مەدینەش بكەن.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ بەجێهێنانی عومرە دەبێت لەڕێگەی ئەپڵیكەیشنی (اعتمرنا) ناو تۆمار بكرێت و سەرەتا وەك قۆناغی یەكەم ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی 20 هەزار عومرەكار دەدرێت بۆ ناو خاكی وڵات.

وتوشیەتی، “ئەوانەی لە دەرەوەی سعودیەوە دێن بۆ عومرە تەنها هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە، كە ڕێگە بە هاتنیان دراوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و دەستەی گشتی فڕۆكەوانی نیشتمانییەوە، بەوەی قەدەغەی گەشتیان لەسەر نیە بەهۆی كۆرۆناوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، كە ژمارەی عومرەكاران بە پلەبەندی زیاد دەكرێت لە ماوەكانی داهاتوودا.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم و ڕایگەیاند، وەزارەت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاری لەسەر دەستپێكردنەوەی گەشتی عومرە دەدات و ڕێنمایی نوێ بۆ ئەو مەبەستە بڵاودەكاتەوە.