سەردێر

تەندروستی هەولێر هۆشداری دەدات

 

خەڵك-ئارام سەردار

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان بەوەی كە ئەگەر خۆپارێزی نەكەن، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووان ناچارن نەخۆشخانەی زیاتر تەرخان بكەن بۆ چارەسەر، بەپێی ئامارەكانیش زیاتر لە ۹ هەزار و ۷۰۰ هاووڵاتی چارەسەر وەردەگرن.

سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دۆخی تەندروستی بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لەمەترسی جدی دایە و دەبێت هاووڵاتیان خۆپارێزی بكەن بەبەستنی دەمامك و دووركەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغ، بەپێچەوانەوە مەترسییەكە زیاتر دەبێت.

دەشڵێت، ئێستا لەهەولێر چوار نەخۆشخانە بەردەوام چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا دەكەن، ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدانیش بەرزە و ڕێژەكە بەشێوەیەكە خەریكە لە هێڵی پرتەقاڵی بەرەو هێڵی سوور دەڕۆین.

ئەوەش دەخاتەڕوو، لەئەگەری پابەند نەبوونی هاووڵاتیان ناچارن نەخۆشخانەی ڕزگاریش جارێكی تر تەرخانبكەنەوە بۆ چارەسەری تووشبووان، لەبەر ئاوە هیواخوازن هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەكان بن.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا تائێستا لەپارێزگای هەولێر ٦٧٩٦٢ تووشی كۆرۆنا بوون و ٥٦٩٤٤ چاكبوونەتەوەو ٩٧٢٨ چارەسەر وەردەگرن ، هاوكات ١٢٩٠ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.