سەردێر

تەندروستی هەرێم: هەفتەی داهاتوو ڤاكسین كارت بەردەست دەبێت

خەڵك
هەفتەی داهاتوو ڤاكسین كارت بەردەست دەبێت و لە ھەر پارێزگایەكیش نووسینگەیەك بۆ پێدانی ئەو ڤاكسین كارتە دەكرێتەوە.

لەو بارەیەوە حەربی كەتۆ، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی كورد ڤاكس و بەڕێوەبەری ئایتیی وەزارەتی تەندروستی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو رێنمایی بۆ پێدانی ڤاكسین كارت دەردەچێت و لە هەر پارێزگاكایەكی هەرێم نووسینگەیەك بۆ پێدانی ئەو ڤاكسین كارتە دەكرێتەوە.

وتیشی: سودی ئەو ڤاكسین كارتە ئەوەیە كە ئەگەر وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە مەرج، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ سەفەركردن بەكاریبهێنن ، لە رووی ئەمنییەوە زۆر بەهێزە و ھیچ كەسێك ناتوانێت هاكی بكات یان تەزویری بكات ، لەگەڵ ئەوەش ھەموو داتاكانی ئەو كەسەی كە ژەمی یەكەم و دووەمی ڤاكسینی وەرگرتووە تۆماركراوە.

ئاماژەی بەئەوەشكرد، هەر كەسێك ئەو ڤاكسین كارتە وەربگرێت ئاسانكاری بۆ دەكرێت و لە هەندێك وڵات كەرەنتین ناكرێت، هەر سێ جۆرەكەی ڤاكسین تۆمار كراوە، هەر كەسێك كام ڤاكسینەی وەرگرتبێت، بۆی تۆمار دەكرێت.

راشیگەیاند، تا ئێستا 420 هەزار كەس ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین تۆمار كردووە و سات بە سات ئامارەكان زیاد دەبن، بەدەمەوە هاتنی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لە ئاستێكی باشدایەوە و لە هەفتەی رابردوو هەتا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار كەس بۆ وەرگرتنی ڤاكسین ناوی خۆی تۆمار كردووە.