سەردێر

عامری داوایەك لە سەدر دەكات

خەڵك

سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 10/10/2021 دا بەڕێوەبچێت، داواكاریشە لە سەدر “بە بڕیاری كشانەوەی لە هەڵبژاردن بچێتەوە.”


هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح ، ئەمڕۆ شەممە، 31-7-2021 لە ئاهەنگی بە فەرمی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا بە ناونیشانی (عیراقمان دەپارێزین و بونیادی دەنێین) ڕایگەیاند، “داواكارم بە دڵسۆزییەوە لەوانەی كە لە هەڵبژاردن كشاونەتەوە بە بڕیارەكەیاندا بچنەوە، چونكە هیچ ڕێگەیەك بەردەست نییە بۆ چاكسازی تەنیا پشتبەستن بە ڕای گەلی عیراق و ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدان نەبێت.”

عامری وتیشی، “داواكارم لە برامان سەید موقتەدا سەدر بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە، هەروەها پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 10ـی ئۆكتۆبەری داهاتوو بە شێوەیەكی ئازاد، بێگەرد دوور لە هەڕەشەی پارە و چەك بەڕێوەبچێت، دەبێت عیراق لە گەندەڵی و گەندەڵكاران و تیرۆر بپارێزین.”

سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح ئاماژەی بەوەشدا، “هەڵبژاردن بژاردەی گەلە و تاكە رێگەیە بۆ گۆڕێنی رێرەوە هەڵەكان لەسەر بنەمای دیموكراسی، بەشداریی فراوانیش لە هەڵبژاردن وەك مەرجەعییەتی باڵای ئایینی داوای كردووە ئەركە و پێویستە بۆ بونیادنانی نیشتمان و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ گەلەكەمان، بە حكومەتیش دەڵێم پێویستە شكۆی دەوڵەت بەدەستبهێنێتەوە و كەشی گونجاو دروست بكات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی خۆیدا، دەبێ حكومەت بە یەكسانی مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بكات، چونكە چارەسەری هەموو گرفتەكانی عیراق بە بەدەستهێنانەوەی شكۆی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا و ئاسایش و لێپێچینەوە لەگەڵ كەسدانی كەمتەرخەم دەكرێت، جا هەركێ بن ئەو كەسانە.”

جێی ئاماژەیە، تائێستا زیاتر لە 20 پارت و لایەنی سیاسی كشانەوەی خۆیان لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاگەیاندووە؛ كە بڕیارە لە 10ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، دیارترینی ئەو لایەنانە ڕەوتی سەدرە بە ڕێبەرایەتی موقتەدا سەدر.