سەردێر

سلێمانی؛سكرتێری سەندیكای ڕۆژنامەنووسان داوایەك ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵا دەكات

خەڵك
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە نامەیەكی كراوە بۆ وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆكانی زانكۆی سلێمانی و پۆلیتەكنیك داوا دەكات وەك ساڵانی ڕابردوو كورسی خوێندن بۆ رۆژنامەنووسان و ئەندامانی سەندیكا دابین بكرێت، كە چەند ساڵێكە ڕاگیراوە.

كاروان ئەنور، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە نامەیەكی كراوەدا ، كە ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵای كردووە تێیدا هاتووە، ساڵانی رابردوو چەندین كورسی خوێندن بۆ رۆژنامەنووسان و ئەندامانی سەندیكا دابین كرا بوون و ئێستا ژمارەیەك لەو رۆژنامەنووسانە لە رێگای دابینكردنی ئەو كورسیانەوە خاوەن بروانامەی ماستەرو دكتۆران لە بواری میدیادا.

ڕاشیگەیاندووە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زانكۆی سلێمانی ئەو خزمەتەی بە رۆژنامەنووسانی سلێمانی راگرت و ئەمساڵیش لە زانكۆی پۆلیتەكنیك چەند داوایەك لەچەند مامۆستایەكی ئازیزی بواری راگەیاندنەوە بەرزبونەوە تا كورسیەكانی رۆژنامەنووسان دابین نەكرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە ئەم داوایە دەخەینە بەردەستی بەرێزتان بۆ گێڕانەوەی هەر شەش كورسیەكەمان لەزانكۆی سلێمانی و بەزیادكردنی ژمارەی كورسیەكانیشەوە، هەروەها بەردەوامبوون و زیادكردنی ژمارەی كورسیەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیك.

بەرێز/ وەزیری خوێندنی باڵا
بەرێز/ سەرۆكانی زانكۆی سلێمانی و پۆلیتەكنیك
لە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە سڵاو
بەسوپاس و پێزانینەوە ساڵانی رابردوو چەندین كورسی خوێندن بۆ رۆژنامەنووسان و ئەندامانی سەندیكا دابین كرابوون و ئێستا ژمارەیەك لەو رۆژنامەنووسانە لەرێگای دابینكردنی ئەو كورسیانەوە خاوەن بروانامەی ماستەرو دكتۆران لە بواری میدیادا…
بەڵام زۆر بەداخەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زانكۆی سلێمانی ئەو خزمەتەی بە رۆژنامەنووسانی سلێمانی راگرت و ئەمساڵیش لە زانكۆی پۆلیتەكنیك چەند داوایەك لەچەند مامۆستایەكی ئازیزی بواری راگەیاندنەوە بەرزبونەوە تا كورسیەكانی رۆژنامەنووسان دابین نەكرێن..
ئێمە وەك لقی سلێمانی وێرای دەستخۆشیمان لەو هەوڵە باشانەی هەردوو زانكۆ لەچەند ساڵی پێشوودا نواندیان، ئەم داوایە دەخەینە بەردەستی بەرێزتان بۆ گێڕانەوەی هەر شەش كورسیەكەمان لەزانكۆی سلێمانی و بەزیادكردنی ژمارەی كورسیەكانیشەوە، هەروەها بەردەوامبوون و زیادكردنی ژمارەی كورسیەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیك، چونكە رۆژنامەنووسی نموونەیی ئەو كەسانەن كەلەیەك كاتدا خاوەن ئەزموون و هەڵگری بڕوانامەی ئەكادیمین، بۆیە ئەزموونی ژیانی ئەو كەسانەش سەلماندوویەتی كە باشترینەكان لەبواری میدیادا ئەوانەن لەیەك كاتدا ئەكادیمین و ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانن..
داواكارین لە بەرێزتان وەك وەزیری خوێندنی باڵاو هاوكات وەك رۆژنامەنووسێكیش كە ئەم داوایەی لقی سلێمانی بەهەند وەربگرن و هیوادارین هەردوو زانكۆی سلێمانی و پۆلیتەكنیك وەك پیشە سەیری كاری رۆژنامەنووسی بكەن كە چەند پێویستمانە خەڵكانی پسپۆر لەو پیشەیەدا كاربكەن..
لەگەڵ رێزماندا
كاروان انور
سكرتێری لقی سلێمانی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان