سەردێر

“ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕۆتیناتی ئیداری لە هەولێر كەم دەكاتەوە”

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چواردە شارۆچكە و چوار قەزا دەگرێتەوە و كارئاسانیەكی زۆرە بۆ خەڵكی ئەم سنوورانە.

ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم واژووی لەسەر بڕیاری بوون بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ كرد.

وەیسی سەعید وەیسی لێپرسراوی نوسینگەی سۆرانی پەڕلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە و بەشی هەرە زۆری كەرتی گەشتوگوزاری سنووری پارێزگای هەولێر كەوتووەتە سنووری ئەو چوار قەزایەوە، هەروەها سنووری نێودەوڵەتی ئێران – حاجی ئومەران و هاوسنوورە لەگەڵ توركیا، دەبێتە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی كۆمەڵێك دامودەزگای حكومەت لەم سنوورەدا بكرێنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و هەر لە سنوورەكەدا كاروباری هاووڵاتیان ڕابپەڕێنرێن.

سەبارەت بە گەڕانەوەی داهاتی ئەم سنوورە بۆ خەڵكەكەی ناوبراو ئاشكرایكرد، داهاتی هەموو شوێنەكان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزینەی حكومەت و هەموویان لە وەزارەتی دارایی كۆدەكرێنەوە و پاشان وەزارەتی دارایی بەپێی شوێنەكان ئەم داهاتە دابەش دەكات، لە ئێستادا كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ لەم سنوورانە ئەنجامدەدرێت و بە كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران حكومەت زیاتر بایەخی پێدەدات.

ڕوونیشیكردەوە، هەموو دامودەزگاكان ڕاستەخۆ سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبن، لەجیاتی ئەوەی هاووڵاتیەك لە حاجی ئۆمەران و بارزان و سیدەكان و وەرتێ و خەلیفان بچێتە هەولێر بۆ مامەڵەكانی، ئەمجارە لە سەنتەری شاری سۆران مامەڵەكانی ڕایی دەكات، كە ئەمە ئاسانكاریەكی زۆر پێویست و گرنگە و دەبێتە هۆكارێكیش بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتینیاتی ئیداری و ئەو بارگرانیەشی كە لەسەر پارێزگای هەولێر هەبوو كەمدەكرێتەوە و كاریگەری ڕاستەوخۆیشی دەبێت لەسەر بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات كە ئەمەش وا دەكات زیاتر خەڵكی سنوورەكە لە بەكارهێنەرەوە ببێتە بەرهەمهێنەر.