سەردێر

ئەمریكا، بۆچی هاوشێوەی ئەفغانستان لە عێراق ناكشێتەوە؟

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، لەبەر نەبوونی جێگرەوە، ئەمریكا لە عێراق ناكشێتەوە.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئەمریكا بەبێ ئاگاداركردنەوەی حكومەتی ئەفغانستان كشایەوە، 26ی ئەم مانگەش موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، لە ئەمریكا كۆبوونەوە و یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەش پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە عێراق.

عەبدوڵلا ڕێشاویی چاوێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق بێكێشە نابێت بۆ عێراق، ئەم كشانەوەیە وەكو ئەفغانستان نابێت، چونكە لە ئەفغانستان لەژێر فشاری چالاكییەكانی تالیبان و بەدیلەكەش تالیبان بوو كە ئەمریكا ئەفغانستانی بۆ چۆڵ كرد، بەڵام لە عێراق لەوانەیە بەدیل ئێران بێت، بەڵام ئایا ئەمریكا ئەم كارە دەكات بۆ ئێران كەمێك دوورە.
وتیشی”ئەم بابەتی كشانەوەیە كە لەو ئاستە بەرزە باس دەكرێت لەوانەیە بۆ فشار و بابەتێكی تەكتیكی بێت، چونكە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەپێش هەموو شتێكەوەیە لە هەر وڵاتێكدا، ئەگەر بەرژەوەندی ئەمریكا لە كشانەوە بێت بە دڵنیایەوە دەكشێتەوە، ئەوەی تا ئێستا هەیە وێنەكە زۆر ڕوون نییە كەئەمریكا چی دەكات”.
ئاشكراشیكرد، لە حاڵەتی كشانەوەدا، چەندینجار دووبارەیان كردوەتەوە كە ئەوان تەنها هێزی هێرشبەر دەكشێنەوە، ئەگەرنا هێزی دیكە دەهێڵنەوە.

ڕوونیشیكردەوە، كشانەوەی ئەمریكا كاریگەری هەیە لەسەر دروستبوونی فەوزا و ململانێی لایەنەكانی باشووری عێراق، وا دەكات هێزەكانی سەر بە ئێران جموجوڵ بكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردن، ئەوەش چۆن دروست دەبێت دیار نییە، دواتر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە عێراق لەوانەیە جوڵەی گەورە بكەن بەتایبەتی لە باشوور بۆ نزیكبوونەوە لە ئێران.

جەختی لەوەش كردەوە، پێشبینی دەكرێت، ئایا ئەمریكا لەسەر ئەو فشارە گەورەدایە لە عێراق كە ناچار بێت بكشێتەوە كە ڕێگا بۆ میلیشیاكان خۆش بكات كە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دروست بكات لە عێراق، تاڕادەیەك ئەمریكا هێرشی لەسەرە لە عێراق، بەڵام بەو شێوەیەی ئەفغانستان لەژێر فشاردا نییە، چەندینجار هێرشیان كردوەتەسەر، بەڵام زیانی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.