سەردێر

تەندروستی سلێمانی، لەسەر زیادكردنی دەوامی فەرمانبەران ڕوونكردنەوە دەدات

سلێمانی ـ نزار جەزا

تاكو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ زیادكردنی دەوامی بنكەكانی ڤاكسین لە هەرێمی كوردستان نەدراوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی تەندروستی بڕیارێكی نوێیان بۆ ناوەندەكانی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا دەركرد و جەختیان كردەوە، ڕۆژانی هەینی و شەممەش دەوام دەكرێت و تا كاتژمێر 8ی ئێوارە پێدانی ڤاكسین بەردەوام دەبێت.

محەمەد عەلی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە نەهاتووە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بڕیارەكە ئەگەر لە عێراق درابێت نوێیە، بەڵام لەوەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە تائێستا هیچ بڕیارێكیان بۆ نەهاتووە تا كارمەندی بۆ ئامادە بكەن.

پاشئەوەی ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی لەهەڵكشان كرد، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی بەرپرسان و ڕێنماییەكانیەوە داوا لەهاوڵاتییان دەكات بچن ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەخۆیانبدەن، بۆیەلەئێستادا بنكەكانی ڤاكسین جمەیان دێت لە هاووڵاتییان.

حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ڕۆژنامەی فەرمی حكومەت ڕایگەیاندووە، ڕاسپاردە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كراوە بۆ درێژكردنەوەی كاری ناوەندەكانی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا تاوەكو كاتژمێر 8ی ئێوارە لەجیاتی 1ی نیوەڕۆ و هەروەها دەبێت ڕۆژانی هەینی و شەممەش دەوام بكەن.

سەبارەت بە بڕیارەكە ئاشكرای كردووە، ئەوەیان لەپێناو هاووڵاتیان كردووە تاوەكو كاتی گونجاو لەبەردەم هاووڵاتیان هەبێت بۆ خۆكوتان بەتایبەت، كە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ژمارەی سەردانیكەرانی ناوەندەكانی كوتان زۆر بووە و قەرەباڵغی دروست بووە.

جەختیشی كردۆتەوە، بڕیارەكە بەجۆرێكە سەرجەم ناوەندەكانی پێدانی ڤاكسین لە بەیانیان و ئێواران كراوەدەبن بە ڕۆژە پشوو و یادەكانیشەوە، بەڵام بە مووچەی كاری بەیانیان و ئێوارانەوە.

وتوشیەتی، “ڤاكسینەكان بە هەموو جۆرەكانیەوە دەگەنە عێراق، بۆ نمونە ڤاكسینی فایزەر بەش بەش بەشێوەی 400 بۆ 600 ژەم دەگات و گفتوگۆش لەگەڵ كۆمپانیاكە بەردەوامە تاوەكو بڕەكەی زیاتر بكات”.

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆرۆنای جۆری دەلتا زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و تەنانەت منداڵان و گەنجانیشی گرتۆتەوە و نەخۆشخانەكان پڕبوون، بۆیە بۆ ڕێگری زیاتر و لابردنی مەترسییەكان، دەبێت هاووڵاتیان خۆیان بكوتن.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو ڕێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی لەزیادبوون كردووە، بەڵام بنكەكانی ڤاكسین تاكو كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆ دەوامدەكەن.