سەردێر

سەرۆكی هەرێم لەسەر كوشتنی خێزانە كوردەكەی توركیا هاتەدەنگ

خەڵك-

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی كوشتنی خێزانێكی كورد لە توركیا دەكات و دەڵێت: ” ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە”.

ئێوارەی دوێنێ‌ هەینی، 7 ئەندامی خێزانێكی كورد لە ناوچەی (مەرامی)ی شاری كۆنیا لە توركیا بە دەستڕێژی گولـلەی گروپێكی ڕەگەزپەرستی توركیا كوژران، كە ژن و منداڵیش لەنێو كوژراوەكاندا هەن.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا لە تویتێكدا لەسەر ئەو ڕووداوە ئاماژەی بەوەكردووە، “سەركۆنەی هێرشی سەر خێزانێكی كورد لە توركیا دەكەین، هاوخەمی كەسوكار و خۆشەویستانی قوربانییەكانین”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت، ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.

ئەو كەسانەی لە هێرشەكەدا كوژراون ئەمانەن: “یاشار دەدەئۆغوڵڵاری، باڕش دەدەئۆغوڵڵاری، سەرپیل دەدەئۆغوڵڵاری، سێراپ دەدەئۆغوڵڵاری، ئیپەك دەدەئۆغوڵڵاری، مەتین دەدەئۆغوڵڵاری و سیبەل دەدەئۆغوڵڵاری”.

ئەمە لەكاتێكدا، كە ئەو گروپە ڕەگەزپەرستە لە 12ی ئەم مانگەشدا هێرشیان كردە سەر هەمان خێزان و حەوت ئەندامی خێزانەكەیان بریندار كرد، كە ئەوكات بەشێك لەو گرووپەكە دەستگیركران و دواتر پێنج كەسیان ئازادكران.