سەردێر

لە بارەی شەپۆلی كۆچبەرانەوە عیراق وەڵامی یەكێتی ئەوروپا دەداتەوە

خەڵك-
ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، تۆمەتەكانی یەكێتی ئەوروپا ڕەتدەكاتەووە سەبارەت بەكارهێنانی فڕۆكەخانەكانی وڵات بۆ كۆچی ناسایایی.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”عیراق هانی هاووڵاتیانی نادات كۆچ بكەن، بەڵام هەندێك لە عیراقییەكان لەلایەن باندەكانی كۆچی ناسایایی لەخشتەدەبرێن و بڕیاری كۆچكردن دەدەن”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بۆ گەشتی یاسایی تەرخانكراوە و بیلاڕوسیش ڕێگە بە گەشتی یاسایی عیراقییەكان و چوونە نێو خاكەكەی دەدات، بۆیە دەوڵەتی عیراقی ناتوانێت ڕێگەی سەفەركردن لە هاووڵاتیانی بگرێت بۆ هەر وڵاتێك بیانەوێت، گەشتەكانیش بۆ بیلاڕوس لەڕێی فڕۆكەخانەی بەغداوە، گەشتی یاسایین و گەیشتنی عیراقییەكانیش بەو وڵاتە بە یاساییە”.

دوێنێ‌ پێنج شەممە، جۆزیب بۆریڵ، كۆمسیاری یەكێتی ئەوروپا بۆ ئاسایشی دەرەوە، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندبوو، عیراق دەبێت ڕونكردنەوە بدات سەبارەت بە بەكارهێنانی فڕۆكەخانەی نێودەیوڵەتی بەغدا بۆ كۆچی نایاسایی بۆ بیلاڕوس كە لێوەی كۆچبەران دزە دەكەنە نێو لیتوانیا.