سەردێر

لە دەریای ئیجەدا بەلەمێك ژێرئاوكەوت و 3 كۆچبەر بێ‌ سەروشوێنن

خەڵك-
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەلەمێكی تر كۆچبەران لە دەریای ئیجەدا بە 13 كۆچبەرەوە ژێرئاوكەوت، ماڵپەڕێكی تایبەت بە كاروباری كۆچبەرانیش دەڵێت، ئێستا سێ كۆچبەریان بێ سەروشوێنن.


بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی (پشتی-نیوز)ی تایبەت بە كاروباری كۆچبەران”بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەلەمێك بە 13 كۆچبەرەوە لە كەنارئاوەكانی توركیا بەڕێ كەوت بەرەو دورگەی لێسڤۆسی یۆنان، بەڵام بەهۆكارێكی نادیار لە سنوری نێوان ئاوی یۆنان و توركیا، بەلەمەكە بە كۆچبەرەكانەوە ژێر ئاوكەوت”.

ماڵپەڕەكە ئاماژەی بە ڕزگاركردنی 10 كۆچبەر كردووە لەلایەن هێزی دەریاوانی یۆنان، بەڵام سێ كۆچبەریان تا ئێستا بێ‌ سەروشوێنن.

هەر لەو بارەیەوە بەرپرسی راگەیاندنی هێزە دەریاوانییەكانی یۆنان بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە “دوو یەختی هێزی دەریاوانی یۆنان و هەلیكۆپتەرێك و باخیرەیەكیان لە شوێنی رووداوەكەن و بەشوێن ئەو سێ كۆچبەرەدا دەگەڕێن كە لەنێو دەریادا دیارنەماون”.

هەفتەی رابردوو یەختێكی كۆچبەران بە 45 كۆچبەرەوە ژێرئاوكەوت كە زۆرینەی سەرنشینەكانی كوردی هەرێمی كوردستان بوون، تائێستاش حەوت لەو كۆچبەرانە بێ‌ سەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە.