سەردێر

بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕێواز فایەق ؛ئیتر رێگرییەكان نەمان و هەموو كاروبارێك دەبێت بەرێگای یەكێتی نوێدا بڕوات

خەڵك
هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پێشوازی لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد و لەدیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی پشتگیری یەكێتی لە تیمی پەرلەمان و حكومەت و ھەماھەنگی و ھاوكاری زیاتر لەنێوانیان لەپێناوخزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵك و كاركردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پێشوازیكرد لە د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئێمە لە یەكێتی نوێ بەگرنگییەوە لە كاری پەرلەمان دەڕوانین و وەك باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی چاودێری، پشتیوان و ھەماھەنگ دەبین تا سەربەخۆیانە كارەكانی بكات و ئەو بەربەستانەشی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم كارەكانتان دروستكرابوون نەھێڵران.

ڕاشیگەیاندووە، دڵنیام لەداهاتوودا بە توانا و لێھاتوویی تیمی یەكێتی لە پەرلەمان و حكومەت خزمەتی زیاتر دەكەن و بەكاركردن لەسەر ئەو یاسا و پرۆژانەی كاریگەری لەسەر باشتركردنی ئەزموونی ھەرێم ھەیە دەتوانن نموونەیەكی باشتری حكومڕانی پێشكەش بكەن.

بافڵ تاڵەبانی ھەموو پشتیوانی و ھاوكارییەكیشی بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دووپاتكردەوە رایگەیاند، ئیتر رێگرییەكان نەمان و ھەموو كاروبارێكی حیزبی و نوێنەرەكانمان لە دەسەڵاتەكاندا دەبێت بەڕێگای راستەقینەی یەكێتی نوێدا بڕوات، كە ئەویش رێگای خزمەتكردن و سیاسەتكردنی تەندروستە بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵگا.