سەردێر

عیراق و هەرێم، زیاتر لە 13250 تووشبووی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 13259 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 9401 كەسیش چاكبوونەتەوە، 49 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 58 هەزار و900 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 13259 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و دهۆك و واست تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 3330 لە دهۆك 1469 و لە واست 1062 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 838 حاڵەت و لە هەولێر 749 حاڵەت و لە كەركوك 160 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 9401 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و زیقار بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 49 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 10 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.