سەردێر

نیمچەبەرەی ئیخوان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو كۆتاییە

چاودێرێكی سیاسی: رووداوەكانی تونس كاریگەری لەسەر دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر دراوسێكانی دەبێت

خەڵك

دوای ئەوەی سەرۆكی تونس بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی تونس و سەندنەوەی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران و دوورخستنەوەی هیشام مەشیشی سەرۆك وەزیرانی دا، چاودێرێكی سیاسی دەڵێت ئەو ڕووداوە كاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوچەكە هەیە.

رووداوەكانی تونس كە بووە هۆی دوورخستنەوەی ئیخوان موسلیمین لە فەرمانڕەوایەتی، بووەتە جێگەی مشتومڕی شرۆڤەكاران و كارناسانی سیاسی كە تاچەند كاریگەریی لەسەر سیاسەتی ناوچەكە بەتایبەت پەلهاوێشتنەكانی توركیا و گرووپ و ملیشیا چەكدارە ئیسلامییەكان دەبێت.

هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، روِوداوەكانی تونس كاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوچەكە هەیە، بەو پێیەی پێشتر دەستوەردانی توركیامان بینیوە لە ڕۆژئاوای كودستان، لە هەرێمی كوردستان، تەنانەت لە ئەرمینیا و لە لیبیاش، ئەوەش بەو بڕوایەیە كە ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا بەر لە ڕێكەوتننامەی لۆزان ئەم سنوورانە هەمووی سنووری دەوڵەتی عوسمانی بوون.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ئەو مافە وای لە توركیا كردووە دەستوەردان لە دراوسێكان بكات لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە و دەسوەردان لەو وڵاتانە بكات ، بۆیە ڕوداوەكانی تونس كاریگەریی سیاسییان لەسەر ئەم سیاسەتە دەبێت.

ئەو بڕیارەی سەرۆكی تونس بە كودێتا دێتە هەژماركردن لە دژی رێكخراوی ئیخوان موسلیمین كە هەژموونی بەسەر پەرلەمان و حكومەتی تونسدا كردووە لە دوای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لە 2011وە.

بە دووهەم وڵاتیش دێت لە دوای میسر كە تێیدا ئیخوان لە فەرمانڕەوایەتی دووردەخرێتەوە، كاتێك ئیخوان لە دوای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لە زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبیدا بووە فەرمانڕەوای سەرەكی یان بەشدارێكی كارا، ئەمەش میحوەربەندییەكی لەناوچەكەدا درووست كرد بە تایبەت توركیا بووە هۆكاری پێكهێنانی نیمچە بەرەكی راناگەیەندراوی ئیسلامیی سووننی ئیخوانی لە ناوچەكەدا كە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە گۆڕانكاریی و هاوكێشەكاندا.