سەردێر

لە سلێمانی و هەڵەبجە چەند سەركردەیەكی داعش دەستگیر كران

خەڵك-
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كوردستان دەستگیر كردنی ژمارەیەك چەكدار و سەركردەی داعش لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ڕادەگەیەنێت.

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو چەكدارانە، كە دوانیان سەركردەی داعش بوو وەك شانەی نەنستو لەسنوری ھەرێم خۆیان حەشاردابوو كە لە ھەوڵی خۆڕێكخستندابوون بۆ تێكدانی ئارامی ھەرێم و ژیانی خەڵك و جێبەجێكردنی مەرام و پیلانەكانی داعش.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوكاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دوو سەركردەی داعش و تاقمێكی تیرۆریستی لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەستگیردەكەن كە وەك شانەی نەنستو لەسنوری ھەرێم خۆیان حەشاردابوو كە لە ھەوڵی خۆڕێكخستندابوون بۆ تێكدانی ئارامی ھەرێم و ژیانی خەڵك و جێبەجێكردنی مەرام و پیلانەكانی داعش .

لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون سەرەداو دەست كەوت لەسەر بوونی تاقمێكی نەنستوی داعش كە پیلانیان داناوە خۆیان رێكبخەن و ئامادەبكرێن بۆ چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە . راستەخۆ بەبڕیار و سەرپەرشتی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئاسایشی سلێمانی لێكۆڵینەوەی دەستپێكرد و دوای یەك مانگ بەدواداچوونی ورد و دەستخستنی زانیاری و بەڵگە و دیاریكردنی شوێن و مانەوەی تیرۆریستان و چاودێریكردنیان پاش ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی بەبڕیاری سەرۆكی دەزگا شەوی ( ٢٧/٢٨) ٧ / ٢٠٢١ جوڵە بەھێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی شارەزوور كراو لە پارێزگای ھەڵەبجە لە چوار ئۆپراسیۆنی گەورە و ھەڵمەتی ھاوكاتدا ھەر چوار تیرۆریست ( ع ، ح ) و ( ل ، ج ) و ( ز ، ح ) و ( ع ، ح ، ع ) دەستگیركران كە دوانیان سەركردەی داعش بوون و بەشداری و سەرپەرشتی چەندین تاوانیان كردووە .
لەلایەكی ترەوە لەئۆپراسیۆنێكی تردا لە سلێمانی ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی تیرۆریست ( س .ع ) دەستگیركرد .

لەبارەی ئەم كەیسە ئەمنییەوە لێكۆڵینەوەی ورد دەستیپێكردوە و دەركەوت تیرۆریستە دەستگیراوەكان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواكراو بوون و چەكداری داعش بوون لەویلایەتی باشوور و بەشداربوونە لەچەندین تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و لەچەند شارێكی عێراق و ھەرێم خۆیان رێكخستووە و مەرامیان بووە چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن .
لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێكۆڵینەوە زانیارییەكان ھێڵرانەوە و لەداھاتوودا لەو بارەیەوە وردەكاری زیاتر بۆ رایگشتی دەخەینەڕوو .

وێڕای سوپاس و پێزانینی بەردەواممان بۆ كۆمەڵانی خەڵك كە ھەمیشە ھاوكارو پشتیوانی دەزگای ئاسایشن و پەرۆشی سەقامگیرین و ھۆكاری سەرخستنی ھەوڵەكانمان. سوپاس و دەستخۆشیشمان بۆ تەواوی ھێزەكانی ئاسایش كە لەبەرامبەر ئەرك و فەرمانەكان و ئارامی و ئاسایشی ھەرێمدا شەونخون و چاوكراوەن و لە كاری بەردەوامدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و پێشێلكارانی قانون و ئەوانەی دادگا داوایان دەكات تەئكیدیش دەكەینەوە بەھەماھەنگی و ھاوكاری ھێزەكانی پێشمەرگە و دژەتیرۆرو ھێزەكانی ناوخۆ لەھەوڵی بەردەوامدادەبین بۆ پاراستنی ھەرێمەكەمان و سەرووماڵی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان .

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كوردستان .