سەردێر

جارێكی دیكە حكومەتی هەرێم بەڵێنی نەوتی سپی بە هاووڵاتیان دەدات

خەڵك-
دوای نزیكەی 2 ساڵ، ئەمڕۆ جارێكی دیكە حكومەتی هەرێم بەڵێنی پێدانی بەرمیلێك نەوتی سپی بۆ وەرزی زستان بە هاووڵاتیان دەدات.

لە 4-9-2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا “پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ بکرێت”، بەڵام وا نزیكەی دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت، هاووڵاتیان نەك یەك دەبە نەوتیشیان پێ‌ نەدرا، بەڵكو ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە ڕەوانە دەكرا بەشی نیوەی هاووڵاتیانی نەكرد.

هەرێمی كوردستان خاوەنی بڕێكی زۆر لە یەدەگی نەوتە و ڕۆژانەش لە ئێستادا بە وتەی بەرپرسانی هەرێم “نزیكەی 480 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوەی وڵات” دەكات و خاوەنی چەند پاڵێوگەیەكی پێشكەوتووشە، بەڵام حكومەت پاڵپشتی سووتەمەنی بڕیوە و نەوت ناداتە هاووڵاتیان لەكاتێكدا هەر نەوتی پاڵێوراوی ئەو پاڵێوگانە لە بازاڕدا بە زیاتر لە 100 بۆ 130 هەزار دینار بۆ یەك بەرمیل دەفرۆشرێت.

ئەمڕۆ چوار شەممە 28-7-2021 بۆ دووەم جار حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاریدا “بۆ وەرزی زستان نەوت بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و بۆ ئەوەش هەردوو وەزیری دارایی و سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد ئامادەكاری بۆ بكەن”.

لە ئێستاشدا هاووڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەو بڕیارەی حكومەت دوو بۆچوونیان هەیە، هەندێك بە “بانگەشەی كاتی هەڵبژاردن” وەسفی دەكەن و هەندێكیش “بە ئومێدەوە لە بڕیارەكەی حكومەت دەڕوانن بەتایبەتی، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لێبڕینی لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵگرت”.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵک) پەیوەندی بە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بەردەست نەبوو.

پێشتریش، گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ(خەڵک) وتی، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بە وەزیری سامانە سروشتیەکانمان وت تاوەکو هەوڵ بدەن لەگەڵ عێراق رێکبکەون و بەرمیلێک نەوت بۆ هەموو هاوڵاتیان دابین بکەن.