سەردێر

لە عێراق بۆنەیەكی دیكەی ئایینی كرا بە پشوو

خەڵك-
بەشێكی زۆری پارێزگاكانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیەیان وەك پشووی فەرمی بەبۆنەی “جەژنی غەدیر” ڕاگەیاند.

“جەژنی غەدیر” یەكێكە لەو جەژنانەی، كە لەلایەن موسڵمانانی شیعە مەزهەبەوە لەدوای جەژنی ڕەمەزان و قوربان ساڵانە یادی دەكرێتەوە و بەپیرۆز سەیر دەكرێت، چونكە پێیان وایە “لەو ڕۆژە و بۆنەیەدا پێغەمبەر (د.خ) لەدوای گەڕانەوە لە حەج بڕیاری داوە ئیمامی (عەلی كوڕی ئەبو تاڵب) وەك جێنشینی خۆری دیاری بكات”.

هەریەكە لە پارێزگاری دیالە و ژمارەیەك پارێزگای دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ڕاگەیەنراوی جیادا ئەمڕۆ بڕیاریادا سبەینێ‌ پێنج شەممە وەك پشووی فەرمی بەبۆنەی “جەژنی غەدیر”ەوە دیاری بكەن.

“جەژنی غەدیر” چییە؟
ئەو بۆنەیە لەلایەن پەیڕەوكارانی مەزهەبی (ئالوبەیت)، كە 12 ئیمام-ن و لە نەوەكانی حەزرەتی فاتیمە-ن (ر.خ) وەك دەژنێك سەیر دەكرێت و بەو بۆنەیەوە بە هەزاران كەس لە عێراق و گەشتیارانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی ڕوو دەكەنە مەزارگە پیرۆزەكانی بەغدا و كەربەلا و سامەڕا و نەجەف.

لە ڕۆژی 18ی مانگی زولحیجەی ساڵی 10ی كۆچی و كاتێك موسڵمانان لە گەشتی حەج دەگەڕانەوە، پێغەمبەر (د.خ) فەرمان دەكات لە شوێنێك كە ناسراوە بە (غەدیر خم) بووەست و لەوێدا چەند ئامۆژگارییەك بە موسڵمانان دەدات و ستایشی ئمامی (عەلی) دەكات بە تایبەتی و دەستی دەگرێت و بەرزی دەكاتەوە و لە بەردەم هەزاران موسڵماندا دەفەرموێت، “ئەگەر جێنشینێك هەبێت دوای من ئەوە عەلی كوڕی ئەبو تاڵیبە”.