سەردێر

ئەنجوومەنی وەزیران: پێش زستان نەوت دابەش دەكەین

خەڵك-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا سۆران و زاخۆ بكرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ و بڕیاریشی دا پێش وەرزی زستان نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە 28 ی تەمموزی 2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن كۆبووەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران، تیشكیان خستە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ڕێكخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەكان . سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە، كە حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ لە پێناو ڕێكخستنەوەی داهاتی گشتی بە ئامانجی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە كاری هەرە لە پێشینەی حكومەتە.

جێگری سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە، كە مە‌بە‌ستی سە‌رە‌كی لە ڕێكخستنە‌وە‌ی داھاتە‌كان‌ و بە‌گە‌ڕخستنە‌وە‌یان، خزمە‌تكردنی ھاووڵاتیانە و داواشی لە‌وە‌زارە‌تە‌كان كرد، ھاوكار بن بۆ ڕێكخستنە‌وە‌ و سە‌رخستنی ئە‌و پڕۆسە‌یە‌.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێكی دەربارەی دۆخی تەندروستی و زیادبوونی بەرچاوی كەیسەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەم پەتایە و ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تەشەنەكردنی كۆرۆنای خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێكارە خۆپارێزیانە كردەوە، كە لە دوا كۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بڕیاریان لەسەر دراوە ، بەجۆرێك كە هاوسەنگی نێوان بژێو و كاری هاووڵاتیان و پاراستنی تەندروستییان ڕەچاو بكرێت.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستی و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و پشتگیریكردنی پڕۆژەی فریاگوزاری وەزارەتی تەندروستی و ڕێكارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن لە دابینكردنی ڤاكسین بۆ دانیشتووانی هەرێم.

لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری كرد، كە هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ ، بكرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ.

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا، كە سۆران و زاخۆ، دوو دەڤەری گەورە و بەرفراوان و گرنگن و بوونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ، كارئاسانی زۆر بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە دەكات.

لای خۆشیەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ باسی لە بنەما یاسایی و كارگێڕییەكانی بوونی هەردوو دەڤەری سۆران و زاخۆ كرد بە ئیدارەی سەربەخۆ. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لە سەر دروستكردنی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران و زاخۆ دا و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە یەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت كرا، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا كە ئەم دیاردەیە ، زۆر مەترسیدارە و پێویستە بە زووترین كات كۆتایی پێ بهێنرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەك، ڕێگەی پێ بدرێت و دەبێ هەڵگرتنی چەك و فرۆشتنی چەك، بەپێی مۆڵەت بێت و بە یاسا ڕێگە پێدراو بێت و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تۆماركراوبن. پاشان وەزیری ناوخۆ پڕۆژە یاسایەكی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕوو و ئاماژەی بە كۆمەڵێك پێشنیار كرد بۆ كۆتاییهێنان بەم دیاردە ترسناكە .

لە بڕگەیەكی دیكەدا، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە دەست بە ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی زستان.

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە دەرئەنجامی چوارەمین دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ئاراستەی برەودان بە پەیوەندی هاوبەش لە سەر بنەمای شەراكەتی ستراتیجی لە سەرجەم ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولان بە هەرێمی كوردستانیشەوە.