سەردێر

بڕیار لەسەر قەدەغەی هاتووچۆ و دەوامی فەرمانگەکان درا

خەڵك-

بەهۆی هەڵكشانی ئامارەكانی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا دەوامی فەرمانبەران بە شێوەی تەناوب دەبێت و بڕیارە هەفتەیەكی دیكەش لیژنەی باڵای كۆرۆنای هەرێم كۆببێتەوە و بەپێی دۆخەكە بڕیاری دیكە بدات، كە ئەگەر ئامارەكە زیاتر ببێت قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەنرێت. بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا ئاستی مەترسی گەیشتە (هێڵی سوور) و دەشڵێت: “دەبێت قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەیەنرێت”.

لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئەمڕۆ 14 بڕیاری دەركرد و جەختی كردەوە، دەبێت فەرمانبەران لەكاتی دەوام دەمامك ببەستن و هاووڵاتیان و دوكان و شوێنكارەكان و چێشتخانەكان ڕێكارەكانی خۆپارێزی پەیڕەو بكەن و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە و بۆنەكان و كۆڕەكان قەدەغەیە.

د. ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لە كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) ئاماژەی بەوەكرد، شەپۆلی ئەمجارەی كۆرۆنا زیاتر و خێراتر بڵاودەبێتەوە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی مەترسییەكە گەیشتە هێڵی (سوور) بەجۆرێك زیاتر لە 3 هەزار كەسی ڕۆژانە تووشی كۆرۆنا بوون.

ڕاشیگەیاند، لە پێش جەژنی قوربانەوە پێشنیارمان لەسەر دۆخەكە هەیە و هۆشداریمان دابوو بۆ سنووردار كردنی هاتووچۆی گەشتیاران بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.

وتیشی، “چەندین پێشنیارمان وەك ئەنجوومەنی وەزارەت بە هاوكاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئامادە كردووە، بەڵام لیژنەی باڵای كۆرۆنا نەگەیشتۆتە ئەو بڕوایەی، كە دۆخی كۆرۆنا مەترسی گەورەیە”.

جەختیشی كردەوە، دەبوو ڕێكارەكان توندتر بكرێنەوە و زۆرێك لە شوێنەكان دابخرێن و لایەنی گەشتیاری سنووردار بكرێت، كە سەرچاوەی زیادبوونی ڤایرۆسەكەیە، بۆیە دەڵێت: “دەبێت قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەیەنرێت، چونكە ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دراون بۆ ڕێكارەكانی خۆپارێزی تێبینیمان لەسەری هەیە و پێی ڕازی نین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت لانی كەم بۆ هەفتەیەكیش بێت قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەیەنرێت، چونكە تەندروستی هاووڵاتیان لە هەموو شتێك گرنگترە.

لای خۆشیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە هەڵكشانە و هاوكات گیان لەدەستدانیش زیادی كردووە.

وتیشی، “لە ئەمشەوەوە نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تەرخان دەكرێت و لە ئێستاشدا لە دۆخی سەختی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەداین”.

ئاشكراشی كرد، بۆیە قەدەغەی هاتووچۆ ڕانەگەیەنرا، چونكە گوزەرانی هاووڵاتیان لەبەرچاو گیراوە.