سەردێر

ئاوی خواردنەوەی گوندێكی شارباژێڕ گومانی ژەهراوی بوونی لێ‌ دەكرێت

خەڵك-
ئاوی خواردنەوەی گوندی سورەقەڵات لە سنووری شارۆچكەی ماوەت لە شارباژێڕ گومانی ژەهراوی بوونی لێ‌ دەكرێت و هۆكارەكەی بۆ تێكردنی كلۆر بۆ ڕاوكردنی ماسییەكانی ناو چەمەكە دەگەڕێتەوە، هاوكات ئەنجوومەنی گوندەكە دەڵێت: “لیژنە پێكهێنراوە لە فەرمانگە حكومیەكان”.

هاووڵاتییەكی گوندی سورەقەڵات بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی كانیاوی سەرچاوەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەكەوە، لە چەمی سەورەقەڵاتەوە حەوزی گەورە دروست كراوە بۆ گلدانەوەی ئاو و بە ماتۆڕ هەڵدەدرێت بۆ ناو پڕۆژەكە تاوەكو هاووڵاتیانی گوندەكە بێ‌ ئاو نەبن.

وتیشی، ” چەند كەسێكی نا بەرپرس لە پێناو گرتنی چەند كیلۆ ماسیەك ئەو حەوزەی بۆ گلدانەوەی ئاو و پارێزگاركردن لە مانەوەی ئاو بۆ ماتۆری پڕۆژەی ئاوی سورەقەڵات دروست كرابوو، پڕیان كردووە لە ژەھر و كلۆر بە ڕێژەیەكی زۆر”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی ئاوی حەوزەكە زۆر نیە و ئاویشی لەبەر ناڕوات بۆیە كلۆرەكە كاریگەری زۆرە و بەناچاری دوو ڕۆژ ئاو ڕەوانەی گوندەكە نەكرا و لایەنی پەیوەندیداریش ئاگاداری كێشەكە كراوەتەوە.

لای خۆشیەوە، كاك سەڵاح-ی ئەنجوومەنی گوندەكە بۆ (خەڵك) وتی، “لیژنە بۆ بەدواداچوونی كێشەكە پێكهێنراوە و هەریەكە لە قائیمقامی ماوەت و فەرمانگەی ئاوی ماوەت هاتوونەتە شوێنەكە”.

وتیشی، “پێدەچێت بابەتەكە ژەهراوی بوون نەبێت، بەڵكو هۆكارەكەی نەمانی ئۆكسجین بێت لە ئاوەكەدا بەهۆی ئەوەی ئاوەكە كەمە و لەبەری ناڕوات، بەو هۆیەشەوە بە هەزاران ماسی مردار بوونەتەوە”.

ئەنجوومەنی گوندەكە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت كرد بەدەم گوندەكەوە بچن و وتی، “تەنها ئەو تۆزە ئاوە ماوە، كە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی 300 ماڵە و ئەوەش پیس بووە و كانی پڕۆژەی ئاوەكەش وشكی كردووە”.