سەردێر

حكومەت پاشەكشەی لەخزمەتی كەرتی ژینگە كردووە

سلێمانی – نزار جەزا
سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم لەپاشەكشەی خزمەتی كەرتی ژینگەدایە و مەترسییەكی گەورەی لەسەر ژینگەی كوردستان دروستكردووە.

ملكۆ بازیانی سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، مەترسییەكی گەورە لەسەر كەرتی ژینگە لەهەرێمی كوردستان هەیە و حكومەتیش خۆی لەپاشەكشەی خزمەتی ئەم كەرتەدایە.

ڕوونیكردەوە، بەنمونە حكومەت بودجە بۆ ئاودانی سەوزاییەكانی خەرجناكات، لەلایەكی دیكەوە نەمامگە حكومییەكان دەداتە كەرتی تایبەت و نرخی دار و درەخت گران دەبێت، لەم كاتەشدا ئەگەر هاووڵاتییەك بیهەوێت دارێك بڕوێنێت لەبەر گرانی نرخەكە نایكڕێت و نایڕوێنێت، هاوكات وەزارەت دەكاتە دەستە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەم هەنگاوانەی حكومەت ڕوحیەتی ژینگەپارێزی دەكوژێت و زیانێكی زۆر بە كەرتی ژینگە دەگەیەنێت.

حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو پاشەكشەیەدا پشتی لەڕێژەی سەوزایی سلێمانی كردووە و خەمی لێ ناخوات، هەروەك ناوبراو ئاماژەی بەئەوەدا، ڕێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی لەپێش هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستانەوەیە، بەڵام بەهۆی وشكەساڵی، سوتانی شاخی گۆیژە و ڕاپەڕین، ئاگركەوتنەوە لەناوچە جیاوازەكان، شكانەوەی دارەكان و دابیننەكردنی بودجەی پێویست بۆ ئاودانی سەوزاییەكان لەلایەن حكومەتەوە، ئەم ڕێژە سەوزاییە دابەزیوە.

وتیشی: ڕێژەی ستانداردی جیهانی بۆ سەوزایی لەهەر شارێكدا لەسەدا ١٥یە، سلێمانیش ئەو ڕێژەیەی تێپەڕاندبوو، بەنمونە ساڵی پار ڕێژەی سەوزایی لەسلێمانی ١٨.٣ بوو، بەڵام بەهۆی ئەو هۆكارانەی باسمكرد، ئێستا ڕێژەكە دابەزیوە.

ئەوەشی باسكرد، تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەك و بودجەیەكی بۆ ئاودانی سەوزاییەكانی سلێمانی خەرجنەكردووە، لەكاتێكدا پێشتر حكومەتی هەرێم بەڵێنی خەرجكردنی پارەیدابوو.

ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی بێ خزمەتی و كەمتەرخەمییەوە ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی سەوزایی كەمدەكات.