سەردێر

“بەریتانیا ڕۆڵی تێكدەرانە لە پرسی كورددا دەگێڕێت”

خەڵك-

سەرۆكی پارتی یەكێتی لیبراڵی كوردستانی سوریا ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین شاندی سیاسی لە وڵاتانی جۆراجۆرەوە سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانیان كردووە و كۆبوونەوەی ماكرۆن لەگەڵ شاندی بەڕێوەبەری خۆسەر داننانە بە بوونی ئەم ئیدارەیە.

فەرهاد تەلۆ سەرۆكی پارتی یەكێتی لیبراڵی كوردستانی سوریا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماوەیەك لەمەوپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماكرۆن داوای لێكردبوو تا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سوریا كۆببێتەوە، بەڵام ماكرۆن بەڵێنێكی بە ئەردۆغان نەدا و بەپێچەوانەوە فەڕەنسا داوای كرد شاندێكی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی پاریس بكەن و ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردیشی بانگهێشتی پاریس كرد.

وتیشی”ئەم بانگهێشتە دەریدەخات كە پرسی یەكگرتنی نێوان ڕەوتە كوردییەكانی سوریا بەلای فەرەنساوە گرنگە و هاوشێوەی ئەمریكا و هاوپەیمانان خوازیاری چارەسەركردنی ئەم بابەتەن”.

ئاشكراشیكرد، شاندی فەرەنسی ماوەی چەند ساڵە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژە داعشدا سەردانی كوردستانی سوریا دەكەن و لە نزیكەوە لەگەڵ پرسی كوردەكاندا ئاشنان، هیوادارین هەم فەرەنسا و هەم بەریتانیا كە بەرپرسن لە سایس-پیكۆ و كاولكاریی ناوچەكە لەم بارودۆخەدا ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن، هەرچەند كە بەریتانیا ڕۆڵێكی تێكدەرانە لە پرسی كورددا دەگێڕێت و پشتگیری لە ئەردۆغان دەكات.