سەردێر

كاردانەوەكانی ڕێكەوتنی عێراق و ئەمریكا

خەڵك-

دوێنێ یەكەمین كۆبوونەوەی نێوان جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا و موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدرا و بەپێی زانیارییەكان، لێكتێگەیشتنی زۆر هەبووە لەنێوان هەردوولا و ئەمریكا بەڵێنی پشتگیری عێراقی دووپات كردووەتەوە.

هاوكات جۆ بایدن لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ ڕۆڵی ئەمەریكا وەكو هێزێكی شەڕكەر لە عێراق كۆتای دێت و ئامادەن بۆ بەردەوامیدان بە ڕاهێنان و هاریكاری هێزە عێراقیەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە كاتی سەرهەڵدانیدا.

لای خۆشییەوە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وەك كاردانەوەیەك لەبەرانبەر كۆبوونەوەكەی نێوان بایدن و كازمی ڕایگەیاند، ئەنجامی گفتوگۆ ستراتیژییەكانی عێراق و ئەمریكا بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق گرنگە.

ناوبراو لە تویتێكدا وتیشی”ئەو ڕێككەوتنە ئەنجامی هەوڵە زۆرەكانی حكومەت بە سەرۆكایەتی كازمییە”.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە تویتێكدا ڕایگەیاند، پێشوازی لە گفتوگۆ ستراتیژییەكانی عێراق و ئەمریكا دەكەین، ئەو ڕێككەوتنە سەركەوتنێكە بۆ عێراق و بەرژەوەندییەكان و سەروەریی عێراق.

ئاشكراشیكرد، ئێمە جەخت دەكەینەوە لەسەر یەكگرتوویی نەتەوەیی سەبارەت بە پرسە گەورەكانی وڵات و پێمانوایە دەوڵەت، گەل و هێزەكان بۆ بەرگری لە بوون و بەرژەوەندی و سەروەری عێراق دەبێ یەكبگرن.

هاوكات موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، سوپاس بۆ خودا كە سەربازەكانی بە عیزەت و بەندەكانی سەردەخات، سوپاس بۆ بەرگری نیشتمانی عێراق، داگیركەر ڕایگەیاند دەست بە كشانەوەی سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی دەكات.

ئاشكراشیكرد، با چاوەڕێی ڕۆژانی تەواوكردنی كشانەوە بكەین، سوپاس بۆ ئەو هەوڵانەی دراوە بۆ گەڵاڵەكردنی ئەو ڕێككەوتنە، لەوانەش كازمیی برا.

سەدر داواش دەكات، بەتەواوی “كاری سەربازیی بەرگری (مقاوەمە)” ڕابگیرێت و پشتوانیی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكرێت لە سوپا و پۆلیس، ئەوەش بەئامانجی گەڕانەوەی ئاسایش و دوورخستنەوەی تیرۆر و تووندتیژی.

كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لەكاتێكدایە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە لە واقیعدا كاریگەرییەكی ئەوتۆ دروست ناكات و بڕیارێكی سیمبوڵییە بۆ پاڵپشتیكردنی كازمی لەبەرامبەر فشاری دژە ئەمەریكییەكان لە وڵاتەكەی.

هاوكات بەشێكی دیكە لە چاودێرانی سیاسی ئەم جۆرە هەنگاو ڕێكەوتنە بە گرنگە وەسف دەكەن و پێیانوایە ئەمریكا بەهۆی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق دەمێنێتەوەو بۆ دانانەی وادەیەك بۆ جێهێشتنی عێراق شەرم لە كەس ناكات و ئەفغانستان باشترین نمونەیە بۆ ئەو بابەتە.
ئاشكراشیدەكەن، نەبوونی ئەمریكا لە عێراق كاریگەری نەرێنی لەسەر شێوازی حوكم و دەسەڵات و تەنانەت دۆخی هاووڵاتیانیش دەبێت، چونكە بە كشانەوەی تەواوەتی ئەمریكا لە عێراق بە دڵنیاییەوە شەڕێ ناوخۆ سەرهەڵدەدات، لەبەرئەوە مانەوەی بە هەر شێوەیەك بێت باشترە.

ڕوونیشیدەكەنەوە، ئەم هەڵویستە نوێیەی ئەمریكا بۆ ئێرانیش گرنگە و مەترسی هێرشكردنە سەر ئێران لە عێراقەوە كەم دەكاتەوە، هاوكات میلیشیا سەربازییەكانی سەر بە ئێران لە عێراق هێرشەكانیان بۆسەر ئەمریكا كەم دەكەنەوە تا ئەو كاتەی دەكشێنەوە، پەیامەكەی سەدریش ئاماژەیە بۆ هێوربوونەوەی دۆخەكە.