سەردێر

دۆخی مەترسیداری كۆرۆنا لە هەرێم خەریكە لە دەست دەردەچێت

خەڵك-

ڕاوێژكاری تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێموانییە لەئێستادا قەدەغەی هاتوچۆی گشتی چارەسەرێكی گونجاو بێت.

خاڵس قادر ڕاوێژكاری تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بەداخەوە ئێستا كۆرۆنا لە هەڵكشانی بەردەوامدایە و ڕێژەی بڵاوبوونەوەكەی یەكجار زۆرە، لەگەڵ زیادكردنی ژمارەی پشكنینەكانیش ژمارەی تووشبووان زیاتر دەردەكەوێت، بەڕاستی ئەوەی دوێنێ بڵاوكرایەوە ڕێژەی(Positivity) واتە ڕێژەی دەركەوتنی نەخۆشیەكە لە نموونەی ئەو كەسانەی كە پشكنینان بۆ كراوە 20.7% كە ئەوەش ڕێژەیەكی یەكجار زۆرە مانای ئەوەیە هێشتا ژمارەیەكی زۆر زیاتریش خەڵكی تووشبوو هەیە بەڵام لەوانەیە هێشتا پشكنینیان بۆ نەكرابێت و هەیانبێت.

وتیشی”هۆكاری سەرەكی زیادبوونەكەش، یەكەم پەیوەندی هەیە بەجۆری ڤایرۆسەكە، هەروەك ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش پێشبینی ئەوەی كردووە و هۆشداری داوە كە لەچەند هەفتەی داهاتوو زۆربەی هەرەزۆری كۆرۆناكان دەبێت بە جۆری دێلتا، هۆكاری دووەم ئەوەیە خۆپارێزی زۆر كەمە دەتوانین بڵێین بەڕادەیەكە هەر نییە لەناو هاووڵاتیان، خۆپاراستن زۆر كەمبووە و ڕێوشوێنەكانیش سوككراون و شلكراون ئەوەش هۆكارێكی ترە، دەتوانیین بڵێن ئەو سێ هۆكارە بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەداخەوە كەمتر لە دە ڕۆژ دەبێتە دوو هێندە”.

ئاشكراشیكرد، بەدڵنیاییەوە یەكێك لە هۆكارەكان ئەو قەڕەباڵغیە زۆرەیە كە لەگەڵ هاتنی گەشتیاران دروستبوو بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر بگەڕێنەوە سەرەتاكانیش پێش ئەوەی ژمارەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر ببێت لە عێراق لە پارێزگاكانی تری عێراق زیادبوو بوو دوای ئەوە لەگەڵ هاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە گەشتیار لەگەڵ خۆیان ئەوەیان هێنایە هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە ئەگەری ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ ناوبراو ئاشكرایكرد، پێموایە زۆر پێویستە لەئێستادا ڕێكارەكان هەمووی توند بكرێتەوە، بەڵام مەرج نییە بگاتە ئەو ڕادەیەی قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرێت بەتایبەتی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لەئێستادا، بەڵام توندكردنەوەی ڕێكارەكان و پێش ئەوە ڕێگەگرتن لەهاتنی ژمارەی زیاتری گەشتیار و خێراكردن لەكۆتاییهێنان بەگەشتی ئەو كەسانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستانن بەڕاستی یەكێكە لە هۆكارەكانی زیاتر قەڕەباڵغ كردن.

ڕوونیشیكردەوە، ڕێكاری گرنگی تر ئەوەیە ڕێگە لەهەموو جۆرە گردبوونەوە و قەڕەباڵغیەك بگیرێت بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە ناكرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت پێویستە ئەو شوێنانە دابخرێن، هەندێك شوێن هەیە ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت پێویستە بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانە بدرێت، هەروەها چۆنیەتی دەوامكردنی فەرمانبەران ئەوانە ڕێكاری گرنگ و هەنوكەیین و دەتوانرێت ئەگەر ئێستا بگیرێتەبەر لەوانەیە لەماوەی چەند ڕۆژێكی كەم ئەنجامەكانی ببینین، پێموانییە لەئێستادا قەدەغەی هاتوچۆی گشتی چارەسەرێكی گونجاو بێت.

دەربارەی بەردەوامی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان و ڕاگرتنی دەوامی فەرمانبەران، خالس قادر ڕایگەیاند، تاقیكردنەوەكان پێویستە پابەندی ڕێنماییەكان بن، پێویست ناكات لەئێستادا ڕابگیرێت بەڵام بەو مەرجەی كە ڕێوشوێنەكان بەتوندی جێبەجێ بكرێت چونكە ژمارەكە دیاریكراوە و مەجالی زۆر هەیە، شوێنەكان فراوانن دەكرێت ڕێنماییەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكرێت چونكە ئەوە تەنها یەك پۆلن جیاوازە لەوەی هەموو خوێندكاران و تاقیكردنەوەی گشتی هەموو پۆلەكان بێت لەبەرئەوە پێموایە بۆشایی و مەجالی باش لەنێو خوێندنگاكان دەتوانن تاقیكردنەوەكان بەڕێوەببەن، سەبارەت بە فەرمانبەرانیش، لەبەرئەوەی ئێستا لە قۆناغێكداین ڕاستە بڵاوبوونەوەكە فراوانە، بەڵام هاوكات ژمارەیەكی زۆری خەڵكیش هەیە ڤاكسینیان وەرگرتووە و ژمارەیەكی زۆر خەڵك هەیە تووشبوون، لەبەرئەوە لەوانەیە ڕاگرتن زۆر سوودی نەبێت و زۆر پێویستی نەبێت، بەڵام دەكرێت دەوام كەمبكرێتەوە، لەئێستادا پێویست دەكات جارێكی تر سیستەمی تەناوب كە پێشتر بەكارهاتووە ئێستا جارێكی تر بەكاربێتەوە جارێكی تر فشاربكرێتەوە هەموو فەرمانبەرێك لە فەرمانگەكان بەتەواوەتی پابەندی ڕێنماییەكان بێت، هەروەها هاتوچۆی سەردانكاران بەبێ ماسك ڕێگە نەدرێت هیچیان بچنەناو هیچ فەرمانگەیەكی حكومی بەو ڕێكارانە دەكرێت بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە كەم بكرێتەوە.

جەحتی لەوەش كردەوە، بەداخەوە ئەو ئامارەی دوێنێ ڕاگەیەنرا، ئەگەر بەوشێوەیە بێت، بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت و لەوانەیە نەخۆشخانەكان چیتر نەتوانن نەخۆش وەربگرن ئەوەش بەڕاستی بارودۆخێكی زۆر ترسناك و ناخۆش دەبێت، ئێستا لە حاڵەتێكی ترسناكداین و ئەگەر بەوشێوەیەی ئێستا بێت و بەخێرایی ڕێوشوێنی توند نەگیرێتەبەر بەدڵنیایی بارودۆخەكان لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت.