سەردێر

بەوێنە، لە سلێمانی دەست بەسەر ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا و چەكی بێ‌ مۆڵەتدا دەگیرێت

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا حەوت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و دوو كڵاشینكۆف و نۆ دەمانچە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمەش لەكاتێكدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی حەوت هەزار ئۆتۆمبێلی بە سەرەتا هەیە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاوكرایەوە” لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەكانی قوباد تاڵەبانی ، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو ڕۆژی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا و چەكی بێمۆڵەت توانیان دەست بەسەر دوو كڵاشینكۆف و نۆ دەمانچەدا بگرن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە” هەروەها حەوت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەستی بەسەردا گیرا و 150 لەزگە و پەردەی ڕەشیش لێكرانەوە، جگە لەوەی بڕێك دەرمانی ڕێگەپێنەدراو دەستی بەسەردا گیراوە.”
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت”هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و چەكی بێ مۆڵەت و لێپێچینەوەی یاسایی لەو شۆفێرانەی لەزگە و پەردەی جام ڕەش بەكار دەهێنن بەردەوام دەبێت”.

بەپێی زانیارییەكان، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانەی لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن هاتوچۆی هەرێمەوە تۆماركران، زیاترن لە 19 هەزار ئۆتۆمبێلن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە حەوت هەزاریان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیاندان.