سەردێر

بریكاری وەزارەتی تەندروستی داوای راگرتنی دەوام دەكات

بریكاری تەندروستی: لە ئەمڕۆوە دۆخی ترسناكی كۆرۆنا دەستپێدەكات

خەڵك

رەهێڵ فەرەیدوون بریكاری وەزارەتی تەندرووستی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە ئەمڕۆوە دەچینە دۆخی ئەوپەڕی مەترسیداری كۆرۆناوە.

هاوكات ناوبراو داوای كرد دەوامی فەڕمی حكومەت و فەرمانبەران رابگیردرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەكانی كۆرۆنا و لە ئەمڕۆوە دۆخی ترسناك دەستپێدەكات.

بە زانیارییەكان ئەمڕۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان پێشنیازی خۆیان ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردووە و سبەینێ كۆبوونەوەی باڵا دەكرێت بڕیاری نوێ.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 3559 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و سێزدە كەسیش مردوون.

هاوكات ئەمڕۆ دوو شەممە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان ئاشكرایكرد، بەرزترین رێژەی توشبوونی كۆرۆنا لە گەرمیان تۆمار كرا، رۆژی شەمە (24ی تەموزی 2021)، بەرزترین رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە سنوری گەرمیان تۆماركرا كە (98) توشبوون بوو لە رۆژێكدا، بەشێوەیەك پێشتر بەرزترین رێژەی توشبوون لە رۆژێكدا، رێكەوتی (25ی ئایاری 2021) تۆماركرا كە (89) حاڵەت بوو.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند، ئەم ئامارە دەریدەخات كە مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر كۆمەڵگاكەمان بەردەوامە و پێویستە هاوڵاتیان ئەو مەترسییانە بە جیدی وەربگرن.

راشیگەیاند، داواشیان لێدەكەین كە خۆپارێزیی بە تەواوی پەیڕەو بكەن، هاوكات خۆشیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بكوتن، بۆ ئەوەی لە مەترسیی كۆرۆنا بە دوور بن.