سەردێر

ئەمریكا لەم قۆناغەدا لە سوریا ناكشێتەوە

خەڵك-

ئەندامێكی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەم قۆناغەدا ئەمریكا لە سوریا ناكشێتەوە.

فەتحوڵڵا حوسێنی ئەندامیی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هێزێكی گەورە لەسەر زەویی هەیە و ئەمریكا سەرپەرشتی دەكات، بەڵام پێش كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا پێویستە گەرەنتی لە توركیا وەربگیرێت.
وتیشی”كێشەی ئێمە ڕژێمی ئەسەد نییە، چونكە ناتوانێت یەك بست بێتە پێشەوە، بەڵكو كێشەی ئێمە لەگەڵ وڵاتێكی داگیركەرە و هێزێكی گەورە هەیە و هێرشەكانی لە ئاسمانەوە ئەنجام دەدات”.

ئاشكراشیكرد، ئەمریكا لەم قۆناغەدا ناكشێتەوە، تاكو ئەو كێشەیە چارەسەر نەكات، ئێستا ڕوخسارەكانی چارەسەر دیارە و تاكو مانگی 11 نابێت شەڕ بكرێت، بەڵام توركیا پلانی نییەو ئەگەر بیەوێت شوێنێك داگیربكات دەیكات.

سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا هاوشێوەی ئەفغانستان ناوبراو ڕوونیشیكردەوە، دەبێت گەرەنتی ئەمریكا و ڕووسیا هەبێت كە توركیا نزیك نەبنەوە، ئەمریكا بە ئاشكرا ووتویەتی ناكشێینەوە لەم قۆناغەدا و پاڵپشتی هێزی سوریای دیموكرات دەكەین، چونكە ئێمە شەڕی تیرۆرمان كردووەو تا ئێستاش تەواو نەبووە، ئەگەر توركیا هێرش نەكات، مانەوەی ئەمریكا یان نەمانەوەی هیچ گرنگ نییە.